بەیانی ئەمڕۆ دووشەم نرخی
نەوت لەگەڵ كرانەوەی بۆرسەی جیهانی وزە، بەرزبوونەوەیەكی زۆری بەخۆیەوە بینی، هۆكارەكەیشی بۆ هاتنی حووسییەكان بۆ ناو جەنگ و مەترسی دروستكردنیان لەسەر دەریای سوور و ئەگەری هێرشی وشكایی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران دەگەڕێتەوە.
جەنگی ئەمەریكا و ئیسرائیل دژی ئێران چووە ناو پێنجەم هەفتەوە، حووسییەكان هەڵدانی مووشەك و درۆنیان بۆ بۆردمانكردنی ئیسرائیل ڕاگەیاند، ئەمەیش نیگەرانی لە فراوانبوونی ڕووبەڕووی جەنگ و گەیشتنی بە دەریای سوور كردووە، لە كاتێكدا سعوودیە دەستی كردووە بە هەناردەكردنی نەوتی خۆی لە ڕێی دەریای سوورەوە و چیتر پێویستی بە گەرووی هورمز نییە.
ئەم پێشهاتە نوێیە وایكرد كە نرخی بەرمیلێك نەوتی خام بگاتە بەرزترین ئاست لە دوای ئەوەی شەڕ لە دژی ئێران دەستی پێ كردووە، ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێك نەوتی خام بە ڕێژەی 3% بەرز بووەوە و بەرمیلێك نەوتی خامی برنت گەیشتە 116 دۆلار و 15 سەنت، نەوتی خامی تێكساسیش بەرمیلێكی بە 102 دۆلار و 61 سەنت فرۆشرا.
لەلایەكی ترەوە هەڕەشەكانی ترەمپ و چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ ڕۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمز بە داگیركردنی دوورگەی خارگ لەلایەن ئەمەریكا و كۆنترۆڵكردنی نەوتی ئەو وڵاتە، بەهەمانشێوە كاریگەریی لەسەر نرخی وزە دانا.
لەگەڵ ئەوەیشدا هۆی سەرەكیی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ هاتنی حووسییەكان بۆ ناو جەنگ بوو، چونكە گەرووی بابولمەندەب دەكەوێتە سنووری یەمەنەوە و بەڕێژەی 12%ی بازرگانی جیهانی پێیدا تێپەڕ دەبێت. هەڕەشەی حووسییەكان مەترسی بە ئامانجگرتنی كەشتییە بازرگانییەكانە لە گەرووی بابولمەندەبەوە.