"لەسەر داوای پارتی سوودانی وەزارەتەکانی دارایی و بازرگانی بۆ خەرجکردنی پارەی جووتیاران ڕاسپارد"

:: PM:09:50:30/03/2026 ‌
نووسینگەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەسەر داوای پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، وەزارەتەکانی دارایی و بازرگانیی ڕاسپارد کە ئەو بڕە پارەیەی وەک شایستەی داراییی جووتیارانی کوردستان ماوە، بۆیان خەرج بکرێت.

حاکم فارووق ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە 10ی ئاداری 2026، فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقی کرد، ئەوەش بە مەبەستی گەیاندنی چەند داواکارییەکی خەڵکی کوردستان.

ڕوونی کردەوە، "پێنج ئەندامی فراکسیۆنی پارتی، داواکاریی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی جووتیارانی کوردستانمان دا بە سەرۆک وەزیرانی عێراق و ڕەزامەندیی لەسەر دا، بەوەش نووسینگەی سەرۆک وەزیران بە نووسراوی ژمارە (3005/ 2608964) لە 22ی ئاداری 2026، بە ئاماژەدان بە نووسراوی ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی، هەردوو وەزارەتی بازرگانی و داراییی ڕاسپارد تا شایستە داراییەکانی جووتیارانی کوردستان خەرج بکرێت."

زیاتر گوتی، لە کاتی سەردانی جووتیارانی کوردستان بۆ بەغدا، سەرۆک و ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی پێشوازییان لێ کردن، و لەگەڵ نوێنەری جووتیاران و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی یەکێتی و یەکگرتوو، سەردانی وەزارەتی بازرگانیی عێراقیان کرد. پاش خستنەڕووی گرنگی و پێویستیی خەرجکردنی پارەی جووتیاران، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند کە هەوڵی پارەدارکردنی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەدەن و سەردانی سەرۆک وەزیران دەکەن بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکانی جووتیاران، حاکم فارووق وای گوت.

 
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی، لە چەند میدیایەک هەواڵێک بڵاو بووەتەوە گوایە وەزارەتی بازرگانیی عێراق لەسەر داواکاری پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ شایستە داراییەکانی جووتیارانی خەرج کردووە، بەڵام بەدواداچوونمان کرد و ئەو هەواڵە چەواشەکارییە، خزمەتکردنی خەڵکیش بە چەواشەکاری ناکرێت.


لە کۆتاییدا ناوبراو دووپاتی کردەوە کە بابەتەکە دوورە لە ڕاستییەوە و ئەو نووسراوە هیچ پێوەندییەکی بە خەرجکردنی پارەی جووتیارانەوە نییە، بەڵکوو تەنیا زانیاریپێدانە لەسەر ئەو بڕە پارەیەی پێشتر بە جووتیاران دراوە. هەروەها ڕوونی کردەوە کە لە ئەگەری تەرخانکردنی پارەی تر بۆ جووتیاران، ئەو پارەیەی ماویانە بۆیان خەرج دەکرێت، ئەوەش لە چوارچێوەی داواکاری و هەوڵەکانی فراکسیۆنی پارتی و ئەندامەکانیدایە کە داکۆکیکاری ماف و شایستە داراییەکانی جووتیارانی کوردستانن.

هەڵەبجە/ عەزیز ڕەسووڵ














وشە - پۆڵا مەحموود