ئامادەكردنی قیمە لای گۆشتفرۆشەكان قەدەغە كرا

:: AM:11:27:31/03/2026 ‌
بۆ ئەوەی رێگریی بكرێت لە كاری ساختە و فرۆشتنی گۆشتی قیمە، نووسراوێك كراوە بۆ قایمقامییەت و تێدا داوا كراوە تەواوی گۆشتفرۆشەكان ئاگادار بكرێنەوە فرۆشتنی قیمەی ئامادەكراو قەدەغەیە.

ئەمڕۆ سێشەم 31ـی ئادار، سەرباز سەعید گۆشتفرۆش لە هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئاگادار كراوینەتەوە كە چیتر قیمەی گۆشت ئامادە نەكەین و قەدەغە كراوە.

ئاماژە بەوەش كرد، ئەگەر كڕیار قیمەی پێویست بێت، دەبێت راستەوخۆ لە پێشی گۆشتفرۆش وردی بكات و بۆی ئامادە بكات.

بەپێی نووسراوێك كە "وشە" دەستی كەوتووە و تێیدا هاتووە، سەرجەم گۆشتفرۆشەكان ئاگادار دەكرێنەوە ئامادەكردنی قیمە بەهەموو شێوەیەك قەدەغە دەكرێت.

ئەوەیش زانراوە ئەو كارگانەی كاری ئامادەكردنی قیمە دەكەن، دەتوانن بەرهەمەكانیان بكەن بە قیمە تەنیا بۆ كارگەكانی دروستكردنی خۆراك، رێستورانتەكان و شوێنەكانی دروستكردنی كوبە و پیتزا و بەرگر و كۆلێرە بەڕۆن ئامادە بكەن.

هەر شوێنێك پێیەوە پابەند نەبێت، دەست دەكرێ بە دەستبەسەرداگرتنی قیمەكان و لەناوبردینان لە مۆڵ و شوێنەكان، لیژنەكانی قایمقامییەت بەو كارە هەڵدەستن.



وشە - رامیار جەواد