وەزیری سامانە سروشتییەكان ڕای گەیاند، ئەو هێرشە تیرۆریستییانەی بە درۆن و مووشەك دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان، كاریگەریی زۆر خراپیان لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت و گاز دروست كردووە.
ئەمڕۆ سێشەم كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكان، پێشوازیی لە یان برێم كونسوڵی گشتیی فڕەنسا لە ھەرێمی كوردستان كرد. لە دیدارەكەدا باس لە پێوەندییەكانی نێوان هەردوولا و ڕۆڵی كۆمپانیاكانی فڕەنسا و گرنگیی هەناردەكردنی نەوتی كەركووك لە ڕێگەی بۆڕیی هەرێمی كورستان كرا.
وەزیری سامانە سروشتییەكان، باسی لە شەهیدبوون و قوربانییەكانی هێرشە تیرۆرستییەكان كرد كە بە درۆن و مووشەك دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان كرد.
ئەوەشی خستەڕوو كە ئەو هێرشانە كاریگەریی زۆر خراپیان لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان دروست كردووە.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، كونسوڵی گشتیی فڕەنسا بە توندی سەركۆنەی ھێرشەكانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی پیشەسازیی نەوت و ژێرخانی هەرێمی كوردستان كرد.
ڕاشی گەیاند، هاوئاهەنگیی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركووك و ئەم پێوەندییانەی نێوان دامەزراوەی نەوت و كارەبای فیدراڵ و سامانە سروشتییەكان و كارەبای هەرێم هەیە، زۆر گرنگە.