عێراق دەست بە هەناردنی نەوت لە رێگەی سووریا دەكات

:: PM:06:08:31/03/2026 ‌

حكوومەتی خۆجێتیی پارێزگەی ئەنبار رای گەیاند كە رەزامەندی بۆ هەناردنی نەوتی عێراق لە رێگەی دەروازەی وەلیدی سنووری لەگەڵ سووریا بە ئاراستەی بەندەری بانیاس دراوە، رێگە بە تێپەڕبوونی 101 تانكەری هەڵگری نەوت دراوە.

موئەیەد دلێمی گوتەبێژی راگەیاندنی حكوومەتی ناوخۆیی ئەنبار دەڵێت، رەزامەندی بە تێپەڕبوونی 101 بارهەڵگری نەوت دراوە بە توانای هەناردنی سێ ملیۆن و 200 هەزار لیتر بە دەروازەی سنووریی وەلید لەگەڵ سووریا و ئەوان روو لە بەندەری بانیاس لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست دەكەن.

ئەو هەنگاوەی عێراق لەناو ئاڵۆزی و شەڕی ناوچەكە دێت، كە بووەتە هۆی داخرانی گەرووی هورمز و پەككەوتنی هەناردن و بەرهەمهێنانی رێژەیەكی زۆری نەوتی عێراق، ئەوەش وای كردووە عێراق بە دوای دەروازەی تری هەناردنی نەوت بگەڕێت، لەوانە بەكارهێنانی بۆڕی نەوتی هەرێمی كوردستان و زیادكردنی هەناردنی بە رێگەی ئوردن و دەست پێكردنی بە رێگەی سووریا.

لای خۆیەوە موجاهید دلێمی بەڕێوەبەری شارۆكەی وەلیدی سنووری لە پارێزگای ئەنبار گوتی، ئەمڕۆ سێشەم بە شێوەیەكی تاقیكردنەوە دەروازەی سنووریی وەلید بە رووی بارهەڵگرەكانی نەوت بەرەو سووریا كرایەوە، زیاتر لە 150 بانكەری گواستنەوەی نەوت چاوەڕوانی چوونە ژوورەوە بۆ ناو خاكی سووریا دەكەن، تێكڕای رۆژانەی چوونی نەوتی عێراق لەو رێگەوە بۆ 500 تانكەر بەرز دەبێتەوە، ئەوەش ئاماژەیەكی گرنگە بۆ چالاكبوونی جموجۆڵی بازرگانی و بەهێزكردنی هاریكاریی ئابووری لە نێوان هەردوو وڵات.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل