عێراق پیلانێكی تر دژی پیشەسازیی هەرێمی كوردستان جێبەجێ‌ دەكات

:: AM:10:35:04/04/2026 ‌
حكوومەتی عێراق پیلانێكی تری دژی ئابووری هەرێمی كوردستان خستووەتە كار و ئەویش جیاوازیی دروستكردنە لە بوتڵی غاز، لە شارەكانی خۆی مامەڵەكردنی بە بوتڵی غازی كوردستان ڕاگرتووە، تەنیا كار بەو بوتڵانە دەكات كە خۆی دروستی دەكات.

ئەمڕۆ شەموو چواری نیسان، شێرزاد وسو كە بازرگانێكی غازە، بە "وشە"ـی راگەیاند، بە بڕیارێكی عێراق كاركردن بە بوتڵی غازی كوردستان لە شارەكانی عێراق قەدەغە كراوە.

زیاتر گوتی، ئەو بڕیارە تەنیا بۆ دژایەتیكردنی كارگە و پیشەسازیی كوردستانە، وەك كوالێتی هەردوو بوتڵ وەكو یەكن و لە یەك جۆر ئاست دروست دەكرێن، بەڵام عێراق بەو بڕیارە لە ئێستە دەزانێ كێشەی غاز هەیە، دەیەوێت زیان لە كارگەكانی هەرێمی كوردستان بدات.

باسی لەوەش كرد، بوتڵی غاز بە بەتاڵی ئەوەی لە عێراق دروست دەكرێت بە 80 هەزار دینارە، بوتڵی غاز ئەوەی لە هەرێمی كوردستان دروست دەكرێت بە 40 هەزار دینارە، جیاوازیی ئەوەیە ئەوەی عێراق تەنیا لێی نووسراوە 200 بە بچووكی لەسەر شوێنی بەرزكردنەوەی.

دژایەتیی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی بەردەوامە، ئەوەی جێی پرسیارە ئەگەر كێشەكان سیاسی بن، ئێستە كێشەكانی بۆ دژایەتی خەڵكی شۆڕ كردووەتەوە و هەرچی پێوەندیی بە ژانی خەڵكەوە بێت عێراق دژایەتی دەكات.



وشە - رامیار جەواد