ئەمڕۆ شەموو وەزارەتی كارەبای عێراق رای گەیاند كە بەهۆی دۆخی شەڕ و پەرەسەندنەكانی ناوچەكە هاتنی غاز لە ئێرانەوە بۆ عێراق كەمی كردووە.
ئەحمەد مووسا گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی كارەبای عێراق رای گەیاند، بڕی غازی هاتوو لە ئێرانەوە ئێستە دەگاتە پێنج ملیۆن مەتر سێجای رۆژانە، كە تەنیا پڕكردنەوەی پێویستییەكانی ناوچەكانی ناوەڕاستی عێراقە، پێشتر بڕی غازی هاتوو لە ئێران دەگەیشتە 19 ملیۆن مەتر سێجار، 10 ملیۆنی بۆ ناوچەكانی باشوور بوو و نۆ ملیۆن مەتر سێجاش بۆ ناوەڕاستی عێراق.
روونی كردەوە، ئەو بڕە غازەی ئێستە دەگاتە عێراق زۆر كەمە، بەتایبەتی كە دەبوایە ساڵانە لەو كاتانە ئەو بڕەی پێویست بوو بگات 30 ملیۆن مەتر سێجای رۆژانە بوو، بۆیە ئەوە بە نەرێنی كار لە سەقامگیریی سیستمی پێدانی وزەی كارەبا لە عێراق دەكات، سیتمەكە 3500 مێگاوات كارەبای لەدەست داوە و بە سووتەمەی هاتوو لە وەزارەتی نەوت قەرەبوو دەكرێتەوە، لەوكاتەی هەندێك لە وێستگەكان توانای بەرهەمهێنانیان بەهۆی كەمی گەیشتنی غاز زۆر كەمی كردووە.
شایەنی باسە بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی كارەبا عێراق پێویستی بە 50 هەزار مێگاوات كارەبا هەیە بۆ پڕكردنەوەی پێویستییەكانی لە وەرزی هاوین، لەوكاتەی ئێستە دەتوانێت 28 هەزار مێگاوات بەرهەم بێنێت، بۆیە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانەكە پشتی بە كارەبا و غازی ئێران دەبەست، كە ئێستە بەهۆی شەڕەوە كێشەی تێ كەوتووە.