وڵاتانی كەنداو بۆ رزگاربوونیان لە گەرووی هورمز، بیر لە پڕۆژەیەكی ستراتیجی دەكەنەوە، كەچی متمانە بە عێراق ناكەن، هەرچەندە دەكرێت عێراق لە چەقی نەخشەی نوێی هەناردەی وزە بێت.
ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی نیسان، رۆژنامەی فایننشاڵ تایمز لە راپۆرتێكدا ئاشكرای دەكات، وڵاتانی كەنداو بیر لە چەند پلانێك دەكەنەوە بۆ هەناردەی نەوت، ئامانجەكەیش ئەوەیە ببێتە شوێنگرەوەی رێگەی گەرووی هورمز كە ئێستە بەهۆی شەڕی ئێرانەوە داخراوە.
بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی كەرتی وزە، هەرچەندە ئەو پڕۆژانە تێچووی زۆریان هەیە و لەڕووی سیاسییەوە ئاڵۆزن، بەڵام بژاردەیەكی ستراتیجین بۆ گەرەنتیكردنی هەناردەی نەوت. پڕۆژە سەرەكییەكەیش بە هێڵی رۆژهەڵات- رۆژئاوای سعوودی دەناسرێت و لەبری هەناردنی نەوت بۆ گەرووی هورمز و كەنداو، ئەوا نەوت رەوانەی دەریای سوور دەكرێت لە بەندەرەكانی سعوودیە و لەوێشەوە بۆ بازاڕەكانی دنیا.
عێراق یەكێكە لەو دەوڵەتانەی كە دەكرێت لەو پلانانە رۆڵی سەرەكی بگێڕێت، ئەمەیش بەهۆی پێگە جیۆگرافییەكەی كە دەكرێت رێڕەوێكی سروشتی بێت بۆ ئەو بۆڕییانەی كە لە كەنداوەوە بەرەو دەریای ناوەڕاست و ئەوروپا دەچن، لە رێگەی ئوردن و سووریا و توركیاوە.
چاودێران پێیان وایە دانانی عێراق لەو پڕۆژانە گرنگییەكی ستراتیجی هەیە بۆ بازاڕی وزەی دنیا، بەڵام لە هەمان كاتدا چەند ئاڵنگارییەك لە بەردەم عێراقدا هەیە، كە پێوەندی بە سەقامگیری تەناهیی عێراق و رێككەوتنی سیاسیی هەرێمایەتی هەیە.
لە هەمان روانگە هەندێك خەمڵاندن هەیە بۆ تێچووی پڕۆژەكە، لەوانە كێشانی هێڵێكی لەم شێوەیە بە تێچووی ئێستە، لەوانەیە لە سەرووی پێنج ملیار دۆلاری پێویست بێت، ئەمە تەنیا لە چوارچێوەی وڵاتێكدا، كاتێكیش بە چەندان وڵات تێدەپەڕێت، ئەوا پێویستی بە 15 ملیار تا 20 ملیار دۆلار دەبێت. ئەمەیش تێچوویەكی زۆر بەتایبەتی دەزانرێت هەندێك ناوچە لە عێراق و سووریا مەترسی تەناهی لەسەرە و تێپەڕبوون تێیدا ئاسان نییە.
شەوی رابردوو ئێران بە فەرمی رای گەیاند، رێگەدانێكی تایبەت بە عێراق دەدات بۆ تێپەڕبوون لە هورمز، رەنگە عێراق پێویستی بەم جیاكارییە بێت، چونكە شەڕ زۆرترین كاریگەریی بەسەر عێراقەوە هەیە. ئەمەیش لە بەر چەند خاڵێك لەوانە، عێراق بە تەواوی لە دابینكردنی داهات پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، خاڵێكی تر عێراق هیچ ژێرخانێكی گرنگی نییە بۆ هەناردەی نەوت تەنیا بەسرە و هەرێمی كوردستانی هەیە، لە كاتی شەڕیش بەسرە وەستا و تەنیا لە رێگەی هەرێمەوە نەوت هەناردە دەكات.
هێڵەكانی تری عێراق بۆ گواستنەوەی نەوت، هەندێكیان ئێستە جێبەجێ ناكرێن لە نموونەی هێڵی بەسرە- عەقەبە كە نەوتی بەسرە بە بەندەری عەقەبە دەگەیەنێت، هەندێكیش پەكیان كەوتووە وەك هێڵی كەركووك- مووسڵ- توركیا، هێڵی كەركووك- بانیاس كە ئەمانە لە كاتی شەڕی داعش و شەڕی سووریا پەكخراون.