چوار سەرچاوە لە هاوپەیمانیی ئۆپێك پلەس دووپاتیان كردەوە، ئەگەری زۆرە ئەمڕۆ یەكشەم هاوپەیمانییەكە بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت بۆ دەرەوە زیاد بكات، بەڵام ئەو بڕیاری زیادكردنی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنە تەنیا لەسەر كاغەز دەمێنێتەوە، چونكە بەشی زۆری وڵاتانی سەرەكی هەناردەكاری نەوت و غاز بەهۆی گەرووی هورمزەوە ناتوانن نەوت هەناردە بكەن.
جەنگی ئەمەریكا و ئیسرائیل دژی ئێران بووەتە هۆی داخستنی گەرووی هورمز و هەناردەی نەوتی وڵاتانی كەنداوی بۆ وڵاتانی دنیا وەستاندووە، ئەمەیش وایكردووە كەمیی نەوت لە بازاڕەكانی وزەی دنیا بە ڕێژەیەكی زۆر دروست ببێت.
پێشتر وڵاتانی
ئۆپێك پلەس ڕێككەوتن كە هەناردەی نەوت بۆ دەرەوە كەم بكەنەوە، بەو ئامانجەی نرخی نەوت بەرزتر ببێتەوە، بەمشێوەیەیش بڕی هەناردەی نەوت بۆ هەریەك لە وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانییەكە دانرا كە بۆیان هەیە بەو ڕێژەیە نەوت هەناردە بكەن، بەڵام ئێستە بەهۆی جەنگەوە هەناردەی نەوتی سعوودیە و ئیمارات و كوێت و عێراق، كێشەی گەورەی لە بەردەم دروست بووە و ناتوانن كەشتییە نەوتهەڵگرەكان پڕ نەوت بكەن و بە گەرووی هورمز بیگەننە بازاڕەكانی دنیا.
هاوكات ڕووسیایش كە ئەندامی هاوپەیمانییەكەیە، ناتوانێ بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت زیاتر بكات، بەهۆی ئەو سزایانەی كە ئەمەریكا و وڵاتانی ئەوروپا لە پەراوێزی هێرشی مۆسكۆ بۆ سەر ئۆكراینا بەسەر ڕووسیایان سەپاندووە.
هەرچەندە بڕیارە ئەمڕۆ ئۆپێك پلەس ڕێگە بە وڵاتانی هەناردەكاری نەوت بدات كە بڕی بەرهەمهێنان و هەناردەكردن زیاتر بكەن، بەڵام ئەمە تەنیا بڕیاڕێكی سەر كاغەز دەبێ و لە واقیع بێ نەوتی وڵاتانی كەنداو، ناتوانرێ نەوتی پێویست لە بازاڕەكانی دنیا دەستەبەر بكرێت.