زانیاری لەبارەی كۆبوونەوەكانی شاندی حكوومەت و مووچە لە بەغداوە

:: PM:10:17:05/04/2026 ‌
شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئێستە لە بەغدا، سبەی جموجۆڵەكانیان لەبارەی مووچە و گفتوگۆی داهات و دارایی لەگەڵ حكوومەتی عێراق دەست پێ دەكەن. 

"وشە" بەدواداچوونی كرد و ئەنجامی بە دواداچوونەكە چەند زانیارییەكی نوێ‌ بوو كە یەكێك لەوانە سبەی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەنجوومەنی ئابووری عێراق كۆ دەبنەوە. 

ئەنجوومەنی ئابووری عێراق، د.فوئاد حوسێن سەرپەرشتی دەكات و تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بەشداری كۆبوونەوەكان دەكات، لە كۆبوونەوەكەدا، شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داهاتی مانگی رابردووی كوردستان دەخەنە ڕوو كە بەهۆی ئاڵۆزی و دۆخی ناوچەكە هاتووەتە ئاستی نیوە. 

زانیارییەكی تر ئەوەیە كە لەم چەند سەعاتەی رابردوودا، بەنگین رێكانی وەزیری ئاوەدانكردنەوەی عێراق/ پارتی/ گفتوگۆی لەگەڵ سوودانی كردووە و پێی گوتووە، داهاتی كوردستان 120 ملیار دینار نییە بۆ ئەم مانگە، بەڵام ئەوە رێگر نابێت لە ناردنی مووچە و بڕیارە سوودانی لە كۆبوونەوەی رۆژی سێشەمی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەوە بخاتە ڕوو.

بەنگین رێكانی رێكارەكانی ناردنی مووچە و تەواوی پرسەكەی بۆ سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق روونكردنەوەتە و ئەوەیش هۆكارە بۆ ئەوەی تەیف سامی راسپێردرێ‌ كە مووچەی كوردستان رەوانە بكرێت. 

سبەینێ‌، گۆڕانكاری لە پێشهات و زانیارییەكان روو دەدات، بەتایبەت دوای كۆبوونەوەكانی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی عێراق لە بەغدا. 

هەر ئەمڕۆ، وەفا محەمەد كەریم توێژەری سیاسی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، شاندێكی هەرێمی كوردستان، كە لە ژمارەیەك بەرپرسی حكوومەتی هەرێم پێك هاتووە، ئەمڕۆ گەیشتە بەغدا بۆ باسكردنی چەند دۆسیەیەكی ئابووری و باسكردنی میكانیزمەكانیان، لەوانە مووچەی فەرمانبەران و هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و سیستمی ئەسیكۆدای گومرگی.

ئاماژەی كرد، پێشتر ئەو دۆسیانە لە نێوان هەردوولا باس كراوە، بۆیە سەردانەكە بۆ تەواوكردنی باسكردنیانە، بەتایبەتی ئێستە بەهۆی دۆخی ناوچەكە داهات و هەناردنی هەرێم كەمی كردووە، دووپاتی كردەوە كە كۆبوونەوەی شاندی هەرێم لە بەغدا سبەی دووشەم دەست پێ دەكات.



وشە - وشه‌