بۆ یەكەمجار لە مێژووی عێراقدا نەوتی بەسرە لە رێگەی كوردستانەوە هەناردەوی دەرەوە دەكرێت.
بەهۆی ململانێكان لە گەرووی هورمز، عێراق ناچارە نەوتەكەی لە رێگەی كوردستانەوە هەناردەی دەرەوە بكات، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەم شەشـی نیسانی 2026، بۆ یەكەمجار نەوتی بەسرە لە رێگەی بۆڕیی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە هەناردەی بەندەری جەیهانی توركیا بكرێت.
كۆمپانیای نەوتی باكور بە كوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ ئامادەكارییەكان تەواو بوون و نەوتەكەی بەسرە بە تانكەر دەگات و لێرەوە لە كەركووكەوە بەبۆڕیی كوردستاندا هەناردەی دەكەین، بەو پێیەش رێژەی هەناردەی نەوت لەو رێگەوە دەگاتە 330 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا.
بڕیارە ئەمڕۆ یەكەم كاروان 90 هەزار بەرمیل نەوتی بەسرە بگاتە كەركووك. گواستنەوەی ئەو بڕە نەوتە لە رێگەی نزیكەی 400 تانكەرەوە ئەنجام دراوە. دوای گەیشتنی، یەكسەر دەخرێتە سەر هێڵی بۆڕیی هەناردەكردن.
بە تێكەڵكردنی نەوتی بەسرە لەگەڵ نەوتی كەركووك، كۆی گشتیی هەناردەی نەوتی عێراق لە رێگەی بۆریی هەرێمی كوردستانەوە بۆ 330 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بەرز دەبێتەوە.
ئەم هەنگاوە دوای رێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵیی عێراق دێت، لە 18ـی ئاداری 2026، لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كەركووك لە رێگەی بۆڕیی هەرێمی كوردستانەوە.