كۆمەڵێك بڕیار بۆ ماركێت و كۆگە و فرۆشگەكان دەرچوو

:: PM:02:03:06/04/2026 ‌
لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی هەولێر، كۆمەڵێك بڕیار بۆ ماركێتەكان دەرچووە و خاوەن ماركێتێك دەڵێت، بەم بڕیارە فێڵی خاوەن ساردكەرەوەكان ئاشكرا دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەم شەشی نیسان، خەلیل نادر خاوەنی كۆگەی ساردكەرەوە، بە "وشە"ـی راگەیاند، لەلایەن چاودێریی بازرگانیی لیژنەكان، چەندان بڕیارمان بۆ دەرچووە كە نابێت مریشكی بەستوو بتوێنرێتەوە.

باسی لەوەش كرد، ئەو بڕیارە دەبێتە هۆكاری ئەوەی فێڵی چەندان كۆگە ئاشكرا بێت، كە بەستن و خاوبوونەوەی لە پێشتردا دەبووە هۆی زیادبوونی كێشی، بەتایبەت لە ماسیدا ئەو فێڵە زۆر دەكرا.

ئاماژە بەوەش كرد، بڕیارێكی تری حكوومەت ئەوەیە كە نابێت مریشكی فرێش لە سێ‌ ڕۆژ زیاتر بێت.

هاوكات بەپێی چەند بڕیارێكی چاودێریی بازرگانی كە "وشە" دەستی كەوتووە و تێیدا هاتووە، بۆ سەرجەم ماركێت و كۆگەكانی ساردكەرەوە و گۆشتفرۆشەكان پابەندی ئەم ڕێنوێنییانە بن:

1. مریشكی بەستوو نابێت بتوێنرێتەوە .
2.نابێت مریشكی بەستوو بە فرێش بفرۆشرێتەوە.
3.دەبێت ماوەی بەسەرچوونی مریشكی فرێش سێ ڕۆژ بێت.
بەپێی ڕێنوێنیی 2ی ساڵی 2022 ی وەزارەتی كشتوكاڵ.
4.نابێت مریشكی هاوردە بە بەرهەمی خۆماڵی بفرۆشرێت.

هەر ماركێت، كۆگە یان فرۆشگەیەك پابەند نەبێت، كاردانەوەی یاسایی لەگەڵ دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد