لەگەڵ هەر تەنگژە و شەڕێك لە دنیا عێراق تووشی تەنگژەی ئابووری و دارایی دەبێت، هیچ پلانێكی تۆكمە و جێگیری بۆ كاتی ئاسایی و تەنگژەكان نییە، بودجەكەی پڕە لە كورتهێنان و قەرز و بەتاڵە لە دامەزراندن و پڕۆژە و تەنیا مووچەیەكی رووت دابەش دەكات، شارەزایەك پێی وایە حكوومەتە دوای یەكەكانی عێراق كار بە بەرنامەی ئابووریی یەكتر ناكەن.
زرغام محەمەد شارەزای ئابووری دەڵێت، كێشەی سەرەكیی عێراق ئەوەیە كە هەر حكوومەتێك دێتە دامەزراندن، كار بە دیدێكی بۆ چوار ساڵ دەكات، واتە ماوەی دەسەڵاتی، بێ بوونی تەواوكردنی بەرنامەی حكوومەتی پێشووی یان بوونی بەرنامەیەكی یەكگرتوو لە نێوان حكوومەت دوای یەكەكان، هەر حكوومەتێك بەرنامەی تایبەت بە خۆی هەیە و زۆر جار بەرنامەی حكوومەتی پێش خۆی رەت دەكاتەوە و فەرامۆشی دەكات.
روونی كردەوە، زیادبوونی بودجەی بەكارخستن وای كردووە بواری خەرجییەكانی وەبەرهێنان كەم ببێتەوە، ئەوەش بە نەرێنی كاری كردووەتە سەر چالاكبوونی كەرتەكانی وەبەرهێنان و پەرەپێدان، بۆیە عێراق زۆر پێویستیی بە ئەنجوومەنێكی باڵای سیاسەتە ستراتیجییەكان هەیە بۆ دانانی بەرنامەی چاكسازیی ئابووری و پلانی درێژخایەنی پەرەپێدان بۆ چەندان ساڵ و ئەو ئەنجوومەنە حكوومەتبڕ بێت، واتە پێوەست نەبێت بە پێكهێنانی كابینەكانی دوای یەكتری حكوومەت و راستەوخۆ لەژێر سەرپەرشتیی دادوەری بێت و حكوومەتە دوای یەكەكانی پێوەی پابەند بن.