قایمقامیەتی شارۆکەی خەلیفان هۆکاری گرانبوونی نرخی غازی ماڵانی ئاشکرا کرد

:: PM:08:49:06/04/2026 ‌
ئەمڕۆ دووشەم شەشی نیسانی 2026، قایمقامیەتی شارۆکەی خەلیفان هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی غازی ماڵانی بۆ 12,500 دینار ڕوون کردەوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دێت بەمەبەستی چارەسەرکردنی کەمیی غاز.

لە ڕوونکردنەوەیەکی قایمقامیەتی شارۆکەی خەلیفاندا کە دەست "وشە" کەوتووە، هاتووە، سەبارەت بەو پرسیارانەی لەلایەن هاووڵاتییانەوە دەکرێت دەربارەی زیادبوونی نرخی غاز و فرۆشتنی غازی پاڵپشتیکراوی حكوومەت بە 12,500 دینار، ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کۆبوونەوەیەی لە نێوان ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سۆران و لایەنە پێوەندارەکان ئەنجام دراوە.

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی کەمیی غاز، بڕیار دراوە لەگەڵ بەشە غازی حكوومی کە پێشتر بە 8,500 دینار دابەش دەکرا، بڕێک غازی بازرگانی بکڕدرێت و تێکەڵ بە غازی حكوومی بکرێت، ئەوەش بۆ ئەوەی بتوانرێت زۆرترین بڕی غاز بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش بکرێت.

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوە دووپات کراوەتەوە کە ئەم هەنگاوە وا دەکات بەشێوەیەکی کاتی و تاکوو ئەم بارودۆخە تێدەپەڕێت، نرخی هەر بتڵێک غاز ببێتە 12,500 دینار لە تەواوی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە هەر شەش شارۆکەکەیەوە، بە ئاساییبوونەوەی دۆخەکەش نرخەکە دەگەڕێتەوە بۆ نرخی پێشتر کە 8,500 دینار بوو.


وشە - پۆڵا مەحموود