نەختینەی نێودەوڵەتی: جەنگ هەڵئاوسان بەرزتر و گەشەی ئابووری لاواز دەكات

:: PM:12:56:07/04/2026 ‌
سەرۆكی سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی كریستالیا گۆرگییڤا ئاشكرای كرد، جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری هەڵئاوسان و گەشەی ئابووری دنیا پەكدەخات و لاوازی دەكات.

كریستالیا گۆرگییڤا سەرۆكی سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوە دا، جەنگ لە خراپترین حاڵەتدا دەبێتە هۆی وەستانی گەیشتنی وزە بە وڵاتانی دنیا، وەستانی بەرهەمهێنانی ملیۆنان بەرمیل نەوت بەهۆی گەمارۆی ئێران بۆ سەر گەرووی هورمز تەنگژەی وزە لە دنیا دروست دەكات و كاریگەریی لەسەر تەواوی سێكتەرەكان دەبێت، بەوهۆیەشەوە هەڵئاوسان لە ئابووری دنیا بەرزتر دەبێتەوە و گەشەكردنیش خاو دەبێ و پەكی دەكەوێت.

بڕیارە هەفتەی بەرپرسانی دارایی لە وڵاتە جیاجیاكانی دنیا بگەنە واشنتن و هەفتەی داهاتوو بانكی نێودەوڵەتی و سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی  كۆ ببنەوە، سیناریۆ و پێشبینییەكانیان بۆ ئابووری دنیا و لە 14ی نیسان/ئەپریل دابڕێژن و بیخەنەڕوو.

هەرچەندە پێشتر سندووقی نەخیتنەی نێودەوڵەتی پێشبینی گەشەی ئابووری لە دنیا كردبوو، بەڵام گۆرگییڤا دەڵێ، ئەگەر جەنگ بوونی نەبووایە، ئەو پێشبینییەمان ڕاست دەردەچوون و بە ڕێژەی 3.3% ئابووری جیهان گەشەی بەخۆیەوە دەبینی و ساڵی داهاتوویش ئەو ڕێژەیە بۆ 3.2% دەبوو.

زیاتر گوتی، لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ بەرپرسانی دارایی دنیا، هەموو ڕێگەكان بۆ كەمكردنەوەی بەرزبوونەوەی نرخەكان و خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری دنیا تاوتوێ دەكەین.


وشە - باز ئه‌حمه‌د