پارە دزراوەكانی عێراق چەندە و بۆچی ناگەڕێندرێنەوە؟

:: PM:10:40:12/04/2026 ‌

بەدرێژایی ساڵانی رابردوو پارەیەكی زۆری عێراق بە رێگەی  جیاجیاوە بۆ دەرەوەی وڵات بردراوە، كە چەندان ملیار دۆلار دەبێت، ئەوە لەوكاتەی عێراق بەدەست كێشەیەكی گەورەی داراییەوە دەناڵێنێت و زۆر پێویستی بەو پارەیە هەیە، هەر حكوومەتێكی عێراق هاتبێت یەكێك لە بڕگەكانی بەرنامەی كاری گەڕاندنەوەی پارە دزراوەكانە، بەڵام تا ئێستە زۆرینەی نەگەڕێندراوەتەوە.

دۆسیەی پارە دزراوەكان یان بەقاچاغ بردراوەكانی عێراق یەكێكە لە ئاڵنگارییەكان كە لە 2003ەوە رووبەڕووی حكوومەتەكانی بەغدا دەبێتەوە، زەحمەتی و بەربەستێكی گەورە بۆ گەڕاندنەوەیان هەیە، سندووقی گەڕاندنەوەی پارەكانی عێراق كە لە 2012 هاتە دامەزراندن، ئەركی بەدواداچوونی بۆ پارە دزراوەكان و ئەو موڵكوماڵانەی بەناوی خەیاڵی و كۆمپانیاكان لە دەرەوە تۆمار كراوەن، لەوانە لە سویسرا و لبنان و هیتریش دەگرێتە ئەستۆ. 

بەپێی خەمڵاندنە ناوخۆیی و دەرەكییەكان، قەبارەی ئەو پارانەی عێراق كە بردراون بۆ دەرەوە لە دوای 2003، لە 350 ملیار دۆلار زیاترە، بەپێی راپۆرتەكانی چاودێری، زۆرجار هەوڵەكانی دیاریكردنی شوێنی ئەو پارانە رووبەڕووی بەربەستی دیپلۆماسی دەبێت، كاتێك هەندێك لە وڵاتان هاریكاریكردنی عێراق رەت دەكەنەوە یان رەتی دەكەنەوە ئەو پارانە بدەنەوە عێراق بە پاساوی كەمیی بەڵگەنامە و راپۆرتی یاسایی، باوەڕیش وایە ئەو وڵاتانە سوود لە بوونی ئەو پارانە بۆ خۆیان وەردەگرن. 

هەر بەپێی راپۆرتەكان هۆكارێكی تر بریتییە لە بوونی لایەن و كەسانێك لە ناو عێراق گومان هەیە دەستیان لە داخستنی دۆسیەكانی پێوەست بە گەڕاندنەوەی ئەو پارانە بەرانبەر بە وەرگرتنی رێژەیەك هەیە، ئەوەش بووەتە هۆی گەڕاندنەوەی رێژەیەكی زۆر كەمی پارەكان كە دەگاتە 1% لە كۆی پارە دزراوەكان. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل