كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" رای گەیاند، هەناردەی نەوتی خاو بۆ مانگی ئادار، 18 ملیۆن و 604 هەزار و 951 بەرمیل بووە، داهاتەكەشی زیاتر لە یەك ملیار و 957 ملیۆن و 121 هەزار دۆلار بووە، بەراورد بە مانگی شوبات نزیكەی پێنج ملیار دۆلار كەمی كردووە.
ئەمڕۆ دووشەم 13ـی نیسانی 2026، "سۆمۆ" لە راگەیەنراوێكدا كۆی گشتی هەناردە و داهاتی نەوتی عێراقی بۆ مانگی ئادار ئاشكرا كرد و رای گەیاند، هەناردەی نەوتی خاوی عێراق بۆ مانگی ئادار 18 ملیۆن و 604 هەزار و 951 بەرمیل بووە، داهاتەكەشی زیاتر لە یەك ملیار و 957 ملیۆن و 121 هەزار دۆلار بووە.
بەگوێرەی ئاماری سۆمۆ، كۆی قەبارەی نەوتی خاو لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق كە لە مانگی رابردوودا هەناردە كراوە، گەیشتووەتە 14 ملیۆن و 561 هەزار و 534 بەرمیل بووە.
ئاشكراشی كرد، هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركی یەك ملیۆن و 271 هەزار و 200 بەرمیل بووە، هەروەها هەناردەی نەوتی كەركووكیش لە رێگەی بەندەری جەیهان دوو ملیۆن و 772 هەزار و 217 هەزار بەرمیل بووە.