نرخی نەوت بەهۆی گەمارۆکەی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران بەرز بووەوە

:: PM:10:26:13/04/2026 ‌
ئەمڕۆ دووشەم 13ی نیسانی 2026، گرێبەستە دواخراوەکانی نەوتی خاوی ئەمەریکایی بە بڕی 2.51 دۆلار بەرز بوونەوە، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو گەمارۆ دەریاییەی کە ئەمەریکا خستوویەتە سەر ئێران.

هاوکات گرێبەستە دواخراوەکانی نەوتی خاوی ئەمەریکایی بە ڕێژەی 2.6% بەرزبوونەوەیان بەخۆیانەوە بینی و نرخی یەک بەرمیل گەیشتە 99.08 دۆلار. ئەم بەرزبوونەوەیەی نرخی نەوت لە کاتێکدایە کە ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا ڕوویان لە پەرەسەندن کردووە بەهۆی نەگەیشتن بە ڕێککەوتن لە میانی دانوستانەکانی ئەم دواییە لە پاکستان.

سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن، ناکۆکییەکان لەسەر بەرنامە ناوکییەکەی ئێران، بەتایبەتی لەسەر ئەوەی ئایا تاران ڕازی دەبێت پیتاندنی یۆرانیۆم بوەستێنێت و دەستبەرداری کۆگاکانی ئێستەی بێت، خاڵی سەرەکیی ناکۆکییەکان بووە کە ڕێگر بووە لە گەیشتن بە ڕێککەوتن. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە نێوەندگیرە پاکستانی، میسری و تورکەکان، ئێستە هەوڵ دەدەن ئەو بۆشاییانەی ماون پڕیان بکەنەوە و بگەنە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ پێش کۆتاییهاتنی ئاگربەست لە 21ی نیسان.

سەرەڕای نەگەیشتن بە ڕێککەوتن، ئێرانییەکان پێیان وابوو کە تا بەیانیی ڕۆژی یەکشەم لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سەرەتایی نزیک بوونەتەوە، بەڵام بە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا تووشی سەرسووڕمان بوون. جێگری سەرۆک هیچ ئاماژەیەکی بە نزیکبوونەوەی ڕێککەوتن نەدا و سەرکۆنەی ئێرانییەکانی کرد، هەروەها جێهێشتنی ئیسلام ئابادی لەلایەن شاندی ئەمەریکییەوە ڕاگەیاند.

لەوبارەیەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار گوتی، "ئێرانییەکان لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە تووڕە بوون". لای خۆیەوە مەحموود نەبەویان ئەندامی پەرلەمانی ئێران و بەشێک لە تیمی دانوستانکاری ئێرانی، ئەمڕۆ دووشەم ڕای گەیاند کە ئەو دوو داواکارییەی ئەمەریکا سەبارەت بە دۆسیەی ناوکی، هۆکاری نەگەیشتن بە ڕێککەوتن بوون.


وشە - پۆڵا مەحموود