ئێران بەشێكی داهاتی نەوت بۆ نۆژەنكردنەوەی شوێنەوارەكانی جەنگ خەرج دەكات

:: AM:10:27:14/04/2026 ‌

وەزیری نەوتی ئێران ئەمڕۆ سێشەم ئاشكرای كرد، فرۆشی بەروبوومە نەوتییەكان لە چەند هەفتەی ڕابردوودا پەكی كەوتبوو، لەگەڵ ئەوەیش بەردەوام بووین لە هەناردەكردنی نەوت و بەشێكی داهاتەكەیشی كە لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە دەستمان دەكەوێ، بۆ نۆژەنكردنەوەی شوێنەوارەكانی جەنگ لە ئێران خەرجی دەكەین.

موحسین پاكنەژاد وەزیری نەوتی ئێران ئاشكرای كرد، كارمەندانی كەرتی نەوت سەرەڕای جەنگ، بەردەوام بوون لە دامەزراوەكانی نەوت لە كاركردن، ئەمەیش گەرەنتی ئەوەی كرد كە هەناردەی نەوتی ئێران تەنانەت بۆ یەك ڕۆژیش نەوەستێت و بەردەوام هەناردەی دەرەوە بكرێت، بە تایبەت لە ناوەندی سەرەكی هەناردەكردن كە بریتییە لە دوورگەی خارگ.

لە بەشێكی تری قسەكانی پاكنەژاد گوتی، بەشێك لەو داهاتەی كە لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە دەستمان دەكەوێت، لە نۆژەنكردنەوە و ئاوەدانكردنەوەی شوێنە خاپووربووەكان لە ئەنجامی جەنگی شەش هەفتەی ڕابردوو.

هەرچەندە لە سەرەتاوە هەناردەی نەوتی ئێران تا ئێستە نەوەستاوە، بەڵام لە دوێنێوە ترەمپ گەمارۆی خستە سەر گەرووی هورمز كە ئەمەیش ڕێگریی لە هەناردەی نەوتی ئێران دەكات، بەمشێوەیەیش شارەزایان دووپات لەوە دەكەنەوە، ئێران ڕۆژانە 400 ملیۆن دۆلار زیانی پێ دەگات، ئەمەیش وەك كارتێكی فشاری ئەمەریكا بۆ سەر ئێران هەژمار دەكرێ، تا لە دانوستاندنەكان سازشی گەورە بۆ ئەمەریكا بكات و هەردوولا بە ڕێككەوتن بگەن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د