فرۆشتنی بەنزین بە جلیكان و لەسەر شەقامەكان قەدەغە كرا

:: PM:03:56:14/04/2026 ‌
پارێزگاری هەولێر ڕای گەیاند، بە مەبەستی پاراستنی كوالێتیی سووتەمەنی و ڕێگری لە زێدەڕۆیی، هەر جۆرە فرۆشتنێكی بەنزین لە دەرەوەی بەنزینخانەكان و بەشێوەی جلیكان قەدەغەیە و ڕێكاری توندی یاسایی بەرانبەر سەرپێچیكاران دەگیرێتەبەر.

ئەمڕۆ سێشەم 14ی نیسان، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و ئامادەبوونی قایمقامی ناوەندی و بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكان، كۆبوونەوەیەكی فراوان لەگەڵ ئەنجوومەنی بەنزینخانەكان ئەنجام درا.

لە كۆبوونەوەكەدا پارێزگاری هەولێر دەستخۆشی لە تیمەكانی قایمقامییەت و بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكان كرد بۆ ڕێكخستن و ڕێگریكردن لە سەرپێچییەكان و رای گەیاند: "بەهۆی ئەو هەوڵانەوە توانراوە كۆنترۆڵی كۆالێتی بەنزین بۆ ئاستێكی زۆرباش بكرێت". دووپاتیشی لەوە كردەوە كە لە سنووری پارێزگای هەولێر، فرۆشتنی بەنزین بە جلیكان، لەناو ئۆتۆمبێلەكان و لەسەر شەقامەكان ڕێگەپێدراو نییە و هەر كەسێك بەبێ مۆڵەت بەنزین بفرۆشێت، ڕووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە.



وشە - پێشەنگ مەحموود