وڵاتانی كەنداو و عێراق بە 55 ملیار دۆلار نەوت دەگەیەننە دەریای عەرەب

:: AM:10:19:16/04/2026 ‌

وڵاتانی كەنداو و عێراق بیر لە پڕۆژەی دانانی تۆڕێكی فراوانی بۆڕیی نەوت وەك جێگرەوەی گەرووی هورمز دەكەنەوە، تا نەوت بگەیەننە دەریای عەرەب و چیتر پشت بە گەرووی هورمز نەبەستن، ئەم پڕۆژەیەیش تێچووەكەی بە 55 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.

بەگوێرەی شرۆڤەیەك كە ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی كردووەتەوە، سەپاندنی باج بەسەر هەر كەشتییەكی نەوتهەڵگر كە بە گەرووی هورمز تێپەڕ دەبێت لەلایەن ئێرانەوە، دەبێتە بارگرانییەكی دارایی گەورە بەسەر وڵاتانی هەناردەكاری نەوت لە كەنداو، بۆیە ئەمە هانی ئەو وڵاتانەی داوە كە بیر لە پڕۆژەی تر بكەنەوە و كەمتر پشت بە گەرووی هورمز ببەستن.

لە ناو ئەو وڵاتانە عێراق ڕۆڵێكی میحوەری لە پڕۆژەی دانانی تۆڕێكی بۆڕیی نەوت بۆ دەریای عەرەب لە ڕێی كوێت و سعوودیە دەبینێتەوە، لە سعوودیەشەوە بۆ سوڵتاننشینی عومان و بە دیاریكراویش بەندەری ئەلدەقم یان سەلالە دەگەیەنرێت، بەمشێوەیەیش نەوت بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ دەگاتە بازاڕەكانی ئاسیا بێ ئەوەی بە گەرووی هورمز تێپەڕ ببێت.

سەرەڕای ئەوەی تێچووی ئەو پڕۆژەیە زۆرە و بە 55 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، بەڵام ئەمە بە بەراورد بەو باجەی كە ئێران لە ڕێگەی گەرووی هورمز دەیسەپێنێت، زۆر بەسوودترە، چونكە بۆ ماوەی 25 ساڵ كەشتی بە گەرووی هورمز تێپەڕێنرێ و باج بدرێت، دەگاتە 55 ملیار دۆلار، بەڵام بە ڕاكێشانی بۆڕی بۆ سەر دەریای عەرەب، یەكجار ئەو پارەیە خەرج دەكرێ و بۆ هەمیشە نەوتی پێ هەناردە دەكرێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د