سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و هەناردەكانی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، بەهۆی شەڕی ئەمەریكا و ئێرانەوە، جووڵە بازرگانییەكان بە تەواوی لە بەندەر عەباس وەستاوون.
مستەفا عەبدولڕەحمان سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و هەناردەكارانی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، تەواوی جووڵە بازرگانییەكانی گەرووی بەندەر عەباس وەستاوون، بەشێك لەو كاڵا و كەلوپەلانەی دەهاتنە ناو هەرێمی كوردستان و عێراقیش، لە رێگەی ئەو گەرووەوە دەهاتن.
مستەفا عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوە داوە، ئەو كەلوپەلانەی بەر لە دەستپێكی شەڕەكەوە هاتبوون و لەو گەرووە گیریان خواردبوو، نزیكەی 300 هەزار بار بوون و باری تەواوی ناوچەكەی تێدابوو، نەك تەنیا عێراق و هەرێمی كوردستان.
سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و هەناردەكارانی هەرێمی كوردستان روونیشی كردەوە، گیرانی ئەو گەرووە نەبووە هۆی وەستانی جووڵە بازرگانییەكانی هەرێمی كوردستان، بازرگانانی هەرێمی كوردستان پشتیان بە بەندەر و گەرووی تر بەستووە، بەڵام گرتنی ئەم گەرووە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی هەندێك لە كاڵاكان، چونكە رێگەكان دوورتر بوونەتەوە.
هەروەها مستەفا عەبدولڕەحمان ئاماژەشی دا، ئێستە گەرووەكە بەڕووی ئەو بارانە كراوەتەوە كە بەر لە شەڕی ئەمەریكا و ئێران بەڕێ كەوتبوون، بەڵام ئەو بارانەی لە دوای شەڕەكە گەیشتبنە گەرووەكە، ئەمەریكا رێگە بە تێپەڕبوونیان نادات.