نۆرەگرتنی بارهەڵگری بەردەم سایلۆكان كۆتایی دێت

:: PM:12:03:18/04/2026 ‌
بەپێی ئەپڵیكەشنێك كە كارا كراوە بۆ جووتیاران، ئیتر پێویستیان بە نۆرەگرتنی بەردەم سایلۆكان نامێنێت و جووتیاران لە ماڵەوە نۆرە دەگرن و رۆژی نۆرەكەیان گەنم بۆ سایلۆ دەگوازنەوە.

ئەمڕۆ شەموو 18ـی نیسان، بەشدار عاڵایی ئەندامی كۆمەڵەی جووتیارانی، بە "وشە"ـی راگەیاند، وەزارەتی بازرگانی عێراق، میكانیزمێكی نوێی بۆ بڕینی نۆرەی پێشوەختە گرتووەتەبەر كە ڕێگە بە جووتیار دەدات، ڕۆژی هێنانی گەنمەكەی دیاری بكات پێش ئەوەی بەرەو سایلۆ بەڕێ بكەوێت.

زیاتر گوتی، میكانیزمەكە بریتییە لە ئەپڵیكەشنێك، ئەمەش ئاسانكارییەكی زۆر دروست دەكات و دەبێتە هۆی ئەوەی بڕێكی دیاریكراو نزیكەی 100 بارهەڵگر ڕۆژانە بۆ هەر سایلۆیەك بارەكانیان دابگرن، بۆیە پابەندبوونی جووتیاران بەم سیستمە كۆتایی بە نۆرە درێژەكان دەهێنێت، بەڵام ئەگەر پابەند نەبن، ئەوا دۆخی قەرەباڵغی وەك پێشتری لێ دێتەوە.

باسی لەوەش كرد، ئەو سیستمە بۆ ناوچە كوردستانیشەكانیش كارا دەكرێت، بەڵام تا ئێستە دیار نییە لە هەرێمی كوردستان كاری پێ‌ دەكرێت یان نا.

بۆ ئەمساڵ عێراق بڕی 700 هەزار دیناری بۆ هەر تۆنێك گەنم دیاری كردووە، بۆ ئەمساڵ بڕی چوار ملیۆن و 300 هەزار تۆن گەنم وەردەگیرێت، بڕی دوو ملیۆن و 500 هەزاری ساڵی رابردووش لە كۆگەكان ماوەتەوە.





وشە - رامیار جەواد