سعوودیە ملیارێكی تری ڕەوانەی پاكستان كرد و هاوكارییەكانی بۆ ئەو وڵاتە گەیاندە دوو ملیار دۆلار.
بانكی ناوەندی پاكستان ئەمڕۆ سێشەم بەشێوەیەكی فەرمی ڕای گەیاند، بڕی یەك ملیار دۆلاری تری لە وەزارەتی دارایی سعوودیە وەرگرتووە. ئەم بڕە پارەیە وەك دووەم گوژمەی ئەو پاكێجە دێت كە پێشتر هەردوو وڵات لەسەری ڕێككەوتبوون.
بانكی ناوەندی پاكستان لە هەژماری فەرمی خۆی لە سۆشیال میدیای "ئێكس" ئاماژەی بەوە كردووە، ئەم ملیار دۆلارە لە ڕێكەوتی 20ی نیسانی 2026 خراوەتە سەر هەژماری بانكەكە. ئەمەش تەنیا چەند ڕۆژێك دوای وەرگرتنی دوو ملیار دۆلاری یەكەم دێت.
ئەم پاڵپشتییە داراییە نوێیە لە كاتێكدایە، لە هەفتەی ڕابردوودا سعوودیە وەك هەنگاوێكی تر بۆ جێگیركردنی ئابووری پاكستان، بڕی پێنج ملیار دۆلاری تری وەك "سپاردە" نوێ كردەوە كە پێشتر لە بانكی ناوەندی ئەو وڵاتەدا بوو.
شارەزایانی ئابووری پێیان وایە كە كۆكردنەوەی سپاردە، پێگەی پاكستان لە دانوستانە نێودەوڵەتییەكاندا بەهێزتر دەكات و یەدەگی دراوی بیانی لە وڵاتەكەدا بەرز دەكاتەوە.
ئەم هاوكارییە داراییانەی ڕیاز بۆ ئیسلام ئاباد وەك ستوونی سەرەكیی ستراتیجی حكوومەتی پاكستان دادەنرێت، بۆ جێگیركردنی بەهای دراوی نیشتمانی (ڕوپیە) بەرانبەر دۆلار و باشتركردنی توانای دارایی دەوڵەت بۆ دانەوەی قەرزە نێودەوڵەتییەكان، دروستكردنی قەڵغانێكی پارێزەری ئابووری دژی بەرزبوونەوەی تێچووی وزە و شۆكە دەرەكییەكان.