كارەبای سۆران رای گەیاند، لە رێگەی تیمەكانیانەوە توانیویانە كارەبا بگەڕێننەوە بۆ ئەو گوندانەی سیدەكان كە چەند رۆژێك لەمەوبەر لافاو ستوونەكانی خستبوون و بێ كارەبای كردبوون.
بەرێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سۆران دەڵێت، بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینە بەخوڕەی رووی لە ناوچەكە كردووە، كە بووە هۆی دروستبوونی لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، چەند ستوونێكی كارەبا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی كارەبای چۆمان و فەرمانگەی كارەبای سیدەكان كەوتن و زیانیان بەركەوت، ئەوەش چەندان گوندی لە سنوورەكە بێ كارەبا كرد.
دەستبەجێ تیمەكانی چاككردنەوەی كارەبا لە چۆمان و سیدەكان گەیشتنە شوێنەكە و توانییان لە زووترین كاتدا ستوونە كەوتووەكان ڕاستبكەنەوە و گرفتی پچڕانی كارەبا چارەسەربكەن و كارەبا بۆ هاوڵاتیانی سنوورەكە بگەڕێننەوە.