كاریگەریی وەستان هاتنی دۆلار لەسەر ئابووریی عێراق چییە؟

:: PM:08:10:23/04/2026 ‌

عێراق لە بازرگانی دەرەكی و هێنانی مادە خۆراكی و كاڵاكان و دابینكردنی دۆلار بۆ گەشتیاران و هیتریش پشت بە دۆلاری ئەمەریكی دەبەستێت، واتە لە رێگەی پەنجەرەی فرۆشتنی دۆلار و حەواڵەی دەرەكی و هاتنی دۆلاری كاش دابینی دەكات، 90 بۆ 95%ی پێویستیی بازرگانیی دەرەكی لە حەواڵەوە دۆلار دابین دەكرێت، هەرچی دۆلاری كاشە بۆ گەشتكردن و خەرجییەكانی تر دەڕوات، شارەزایەك باسی كاریگەرییەكانی وەستانی هاتنی دۆلار لە ئەمەریكاوە دەكات؟ 

ئێستە تەنیا هاتنی دۆلاری كاش وەستاوە، بەڵام ترس هەیە لە ئەگەری فرەوانبوونی رێوشوێنەكانی ئەمەریكا كە حەواڵە بانكییەكانیش بگرێتەوە، كە دەبێتە هۆی پەككەوتنی راستەوخۆی بازرگانی دەرەكیی عێراق و كەمبوونەوەی توانای هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت بۆ هاودەكردن، عەلی دەعدووش شارەزای ئابووری دەڵێت، راگرتنی هاتنی دۆلار، راستەوخۆ كار لە هاوردەكردن دەكات، ئەوەش بانكی ناوەندی ناچار دەكات بۆ بەكارهێنانی یەدەگی دراوی بیانی، كە مەترسییە بۆ سەر سەقامگیریی بازاڕ و دەرگە بە رووی داتەپینی ئابووری دەكاتەوە.

ئاماژەی كرد، كەمبوونەوەی هاوردەكردن، دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی كاڵاكان لە بازاڕ و بەرزبوونەوەی نرخیان، نەهاتنی دۆلاری كاشیش، دەبێتە هۆی دروستبوونی گوشار لەسەر بازاڕی دراو و زیادبوونی نرخی دۆلار، ئەوانەش راستەوخۆ كار لە توانای كڕینی هاووڵاتییان دەكەن. 

ئەو پەرەسەندنە، واتە وەستانی هاتنی دۆلاری كاش، بازرگانیی دەرەكیی عێراق دەخاتە بەردەم ئاڵنگاریی گەورەوە، چونكە دانانی كۆت بەسەر رەوانەكردنی دۆلار، واتە سستبوونی پرۆسەی هاودەكردن و بەرزبوونەوەی خەرجییەكانی و ئەگەری پەنابردنی بازرگانان بۆ دۆلاری بازاڕ یان پارەی تر، ئەوانەش مەترسییەكانی سەر بازاڕ زیاتر دەكەن و چاودێریی دارایی لاوازتر دەكەن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل