ماڵپەڕی ئۆیڵ پرایز كە ماڵپەڕێكی جیهانی تایبەتە بە كاروباری وزە، هەڵسەنگاندن بۆ هەناردەی نەوتی عێراق دەكات و دەڵێ، "ناردنی نەوت بە تەنكەر لە رێگەی سووریاوە شێوازێكی بێ كەڵك و مەترسدارە".
ئەمڕۆ یەكشەم 26ی نیسان ماڵپەڕی
ئۆیڵ پرایز راپۆرتێكی لەسەر هەناردەی نەوتی عێراق بڵاوكردووەتەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات تا گەرووی هورمز نەكرێتەوە، ئەوا هەناردەی نەوتی عێراق ئاسایی نابێتەوە، چونكە هەناردەی نەوتی عێراق 80% دابەزیوە، ئەو وڵاتە هیچ چارەیەكی تری نییە.
ئەو ماڵپەڕە باس لەوە دەكات عێراق لە هەناردەی نەوت بە تەواوی پشت بە لایەنی سێیەم دەبەستێت، چونكە خۆی هیچ گەلە كەشتییەك یان ژێرخانێكی ئەوتۆی دروست نەكردووە. سەبارەت بە هەناردەی نەوتیش لە رێگەی سووریاوە بە شێوازی تەنكەر راپۆرتەكە باسی لەوە كردووە، ئەو شێوازە بێ كەڵك و تێچووی زۆرە و پڕ مەترسییە.
عێراق بە رێژەی 90% لە دایبنكردنی بودجەكەی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت و لەگەڵ داخستنی گەرووی هورمزیش هەناردەی عێراق بۆ ژێر دوو ملیۆن بەرمیل دابەزیوە لە كاتێكدا بەر لە شەڕەكە نزیكەی چوار ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل بوو لە رۆژێكدا.