بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی دانەوێڵەی هەولێر ئاگادارییەك ئاراستەی ئەو جووتیارانە دەكات كە گەنمەكانیان رادەستی سایلۆی هەولێر كردووە، رایدەگەیەنێت پڕۆسەی دابەشكردنی چەكی پارەی گەنم ئەمرۆ دەست پێ دەكات.
بەپێی ئاگادارییەكەی بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی دانەوێڵەی هەولێر، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەم 27 دەست بە دابەشكردنی چەكی پارە بەسەر ئەو جووتیارانەی كە ناویان لە زنجیرە هەزار و 330 تا هەزار و 368 دایە بكرێت.
ئاماژە بەوەش دراوە، جووتیاران دەتوانن شایستە داراییەكانیان لە بانكی بازرگانی عێراق (TBI) وەربگرن.
بەڕێوەبەرایەتییەكە چەند مەرج و رێنوێنییەكی بۆ وەرگرتنی چەكەكان دیاری كردووە:
1- پێویستە ئەو كەسەی چەكەكەی بەناوە، خۆی ئامادە بێت بۆ وەرگرتنی.
2- لە حاڵەتی ئامادەنەبوونی خاوەن چەك، دەبێت بریكارەكەی (وەكالە) بریكارنامەیەكی فەرمی و پەسەندكراوی ساڵی 2026دا پێ بێت.
3- ئەگەر خاوەن چەك كۆچی دوایی كردبێت، پێویستە واریسەكان (دابەشنامەی شەرعی یان یاسایی) لەگەڵ بریكارنامەی گشت واریسەكان بخەنە روو.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەكانی بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی دانەوێڵەدایە بۆ گەیاندنی شایستە داراییەكان بە جووتیارانی سنوورەكە.