دۆسیەی گەنم دەبرێتە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق

:: PM:02:19:27/04/2026 ‌
گفتوگۆكانی هەولێر و بەغدا لەبارەی دۆسیەی گەنمی ئەمساڵ گەیشتە بنبەست و عێراق وەكو سزایەك ئامادە نییە لە 290 هەزار تۆن زیاتر گەنمی كوردستان وەربگرێتن بۆیە دۆسیەكە دەبرێتە بەردەم سوودانی تا رێژەكە زیاد بكرێت.

ئەمڕۆ دووشەم 27ـی نیسان، زێدا محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی پلانادان لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بە "وشە"ـی راگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق لەسەر پرسی وەرگرتنی  گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان نەگەیشتوونەتە رێككەوتن. 

زیاتر گوتی، لە چەند رۆژی رابردوودا، شاندێكی هاوبەشی وەزارەتەكانی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بازرگانی و پیشەسازی و پلاندانان لەسەر پرسی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدایان كرد و لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ كۆبوونەوە، بەڵام لەسەر بڕی وەرگرتنی گەنم نەگەیشتوونەتە رێككەوتن و گەڕاونەتەوە هەولێر.

هاوكات سەرچاوەیەكی باڵا بە "وشە" ـی راگەیاند عێراق ئامادە نییە بڕی ئەو گەنمەی هەیە لە هەرێمی كوردستان وەربگرێت، تەنانەتە پێشنیاری نیوەی وەرگرتنی گەنمیشی رەتكردووەتەوە، بۆیە بۆ بڕیاری كۆتایی ئەو بابەتە دەبرێتە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.

هەرێمی كوردستان ئەمساڵ نزیكەی دوو ملیۆن تۆن گەنمی هەیەن بەڵام عێراق ئامادەنییە ئەو بڕە گەنمە وەربگرێتن ساڵی رابردووش زوڵمی لە جووتیارانی كوردستان كرد كاتێك سەرەتا بڕیار بوو گەنمی تەواوی جووتیاران وەرنەگیرێت، بەڵام دواتر بە بڕیارێكی تر گەنمی تەواوی جووتیارانی خۆی وەرگرت.



وشە - رامیار جەواد