ئەمریكا ئێران دەخنكێنێت و تمەن هاڕەی كرد

:: AM:11:26:29/04/2026 ‌
ئەمرۆ تمەن نزمترین ئاستی بەخۆیەوە بینی و نرخەكەی لەبەرانبەر دۆلاردا گەیشتە  17 ملیۆن و 100 هەزار، ئەمەش لەمێژووی وڵاتەكەدا نموونەی نەبووە و شارەزایان پێیان وایە، ئەم دۆخە بەرەنجامی داخستی گەرووی هورمزە.

ماڵپەڕەكانی ڕاگەیاندنی نرخی دراو لە ئێران، بەیانی ڕۆژی چوارشەم 29ی، نرخی 100 دۆلاری ئەمەریكییان لە بازاڕەكانی ئێراندا بە زیاتر لە 17 ملیۆن و  100 هەزار تمەن ڕاگەیاند. ئەمە بە بەرزترین نرخی تۆماركراوی دۆلار لە مێژووی ئێراندا دادەنرێت.

نرخی 100 دۆلار لە ڕۆژانی جەنگی ئەمەریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا، لە نێوان 15 بۆ 16 ملیۆن تمەن بوو،  بەڵام دوای جەنگ و بەتایبەت ماوەیەك دوای دەسپێكی گەمارۆی دەریایی ئەمەریكا و هاوكات لەگەڵ دروستبوونی سنوورداركردنی پێوەندییە داراییەكانی ئێران لە وڵاتانی كەنداو، پرۆسەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەستی پێكردەوە.

وەزیری خەزێنەی ئەمریكا بەیانی ڕۆژی چوارشەم لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس نووسی، "لە ژێر فشاری زۆرینەی سەرۆك كۆماری ئەمەریكادا، هەڵاوسان لە تاران دوو هێندە بووە و بەهای دراوی ئێرانیش بە خێرایی دابەزیوە."

ئەمەش لەكاتێكدایە ئەمڕۆ چوارشەم لە بازارەكانی هەرێمی كوردستان نرخی 100 دۆلاری ئەمریكی بە 13 ملیۆن و 700 هەزار تمەنی ئێرانییە.

شارەزایان پێیان وایە داخستی گەروی هورمز  خنكاندنی ئێرانی لێدەكەوێتەوە، فشارەكە بەجۆرێك لەسەر ئەو وڵاتە قورس دەبێت كە بەتەواوی كۆتایی بە توانای دارایی ئێران دێنێت.



وشە - سۆران عەزیز