وەرگرتنی گەنم دەستی پێ‌ كرد لە كوردستانیش مانگێك بۆ دروێنە ماوە

:: AM:11:36:29/04/2026 ‌
وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەستپێكردنی پرۆسەی وەرگرتنی یەكەمین بڕی گەنمی ناوخۆیی لە پارێزگاكانی بەسرە، زیقار و نەجەف راگەیاند، بۆ هەرێمی كوردستانیش مانگێك كات ماوە دروێنە دەست پێ‌ بكات.

ئەمڕۆ چوارشەم 29ـی نیسان، حاجی ئەحمەد سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی جووتیاران، بە "وشە"ـی راگەیاند، بەردەوامی بارانبارین و ئەو تەزرەیەی كۆتایی زیانی لە گەنم و درەختە بەردارەكانیش داوە.

زیاتر گوتی، ئەمساڵ بەهۆی بەردەوامی بارانبارین دروێنە دوادەكەوێت، ئەوەیش بەهۆی تەڕی گەنم و وشكنەبوونەوەی ژێرەكەی.

باسی لەوەشكرد، دروێنەی گەنم لە هەولێر دەكەوێتە كۆتایی مانگی پێنج سەرەتای مانگی شەش، هۆكارەكەشی ئەو بارانبارینە بەردەوامەیە.

حەیدەر گەرعاوی بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق رای گەیاند، لقەكانی كۆمپانیاكەمان لەو سێ پارێزگایە بەپێی پلانێكی رێكخراو دەستیان بە كارەكانیان كردووە.

ئاماژەی بەوەش كرد، پلانەكە بە جۆرێك داڕێژراوە كە ئاسانكاریی تەواو بۆ جووتیاران و وەرزێڕان بكرێت تا بە بێ هیچ گرفتێك و بە شێوەیەكی رێك و پێك بەرهەمەكانیان رادەست بكەن، ئەمەش لەگەڵ پابەندبوون بەو پێوەرە ستانداردانەی بۆ پشكنین و وەرگرتنی گەنم دیاریكراون.



وشە - رامیار جەواد