كابینەی نۆ ئیدارەی راپەرینی بووژاندووەتەوە

:: PM:12:11:29/04/2026 ‌
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ئیدارەی راپەڕین، چەند ئامار و زانیارییەكی گرنگی سەبارەت بە كەرتی كشتوكاڵ و وەبەرهێنان لە دەڤەرەكە خستەروو كە 145 پرۆژەی پەلەوەر بوونیات نراوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 29ـی نیسانی 2026، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رای گەیاند، لە سنووری راپەڕین ئێستە 223 پڕۆژەی پەلەوەر بوونیان هەیە، لەو ژمارەیەش 145 پڕۆژەیان تەنیا لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا دروستكراون.

باسی لەوەشكرد، حكوومەت گرنگی بەو سنوورە داوە، رێژەی بێكاری لەناو گەنجانی ئیدارەی راپەڕین گەیشتووەتە 15%، هەروەها یەكێك لە گرفتەكانی ئێمە لە ئیدارەی راپەڕین، كە خۆشم خەڵكی ئێرەم، ئەوەیە رقمان لەو كەسانەیە دوو دیناریان لەگیرفاندایە و دەیانەوێ وەبەرهێنان بكەن.

باسی لەوەشكرد، ئەم جۆرە تێڕوانینە بووەتە هۆكارێك نەتوانرێت وەبەرهێنەری گەورە پەلكێشی سنوورەكە بكرێت بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی ستراتیژی سوودی بۆ ئابووریی ناوچەكە هەبێت.

روونی كردەوە، پێش كابینەی نۆ تەنیا یەك پڕۆژەی هێلكە لە ئیدارەی راپەڕین هەبوو، بەڵام ئێستە بەس لە سنووری پارێزگای سلێمانی 17 پڕۆژەمان هەیە و بەرهەمەكانمان هێندە زیادی كردووە كە پێداویستی تەواوی عێراق دادەپۆشین.




وشە - رامیار جەواد