لە دەروازەی سێماڵكا بڕیار دژی بە بازرگانان و كۆمپانیاكانی گواستنەوە درا

:: PM:12:17:30/04/2026 ‌
دەسەڵاتدارانی گومرگی حكوومەتی كاتی سووریا لە دەروازەی سنووریی سێماڵكا، كە تاكە ڕێڕەوی بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستانە، بڕیارێكی نوێیان دژ بە بازرگانان و كۆمپانیاكانی گواستنەوە دەركرد. 

بەگوێرەی گشتاندنێكی فەرمی، بڕیار دراوە لە ڕۆژی شەموو یەكی ئایاری 2026 هاوردەكردنی هەموو جۆرە قوماش و ڕستن و چنینێك لەو دەروازەیەوە بەتەواوی ڕابگیرێت.

ئەم بڕیارە كتوپڕەی دیمەشق بێ هیچ ڕوونكردنەوەیەكی پێشوەختە یان ئاشكراكردنی هۆكارە ئابووری و سیاسییەكان دراوە. 
ئەمەش شەپۆلێكی نیگەرانی لای بازرگانان دروستكردووە و مەترسی ئەوە هەیە ببێتە هۆی گرانبوونی نرخەكان لە بازاڕەكانی ڕۆژئاوای كوردستاندا.

جێی ئاماژەیە، ئەم هەنگاوە تەنیا 24 سەعات دوای بڕیارێكی هاوشێوە دێت كە تێیدا هاوردەكردنی بەروبوومە كشتوكاڵییەكان "سەوزە و میوە" لە هەمان دەروازەوە قەدەغەكرابوو.



وشە - سۆران عەزیز