لە هەولێر زەوی بۆ 39 پڕۆژە تەرخان كرا

:: PM:02:22:30/04/2026 ‌
لە كۆبوونەوەی لیژنەی گەشەپێدان و پشتگیری پڕۆژە پیشەسازییەكان، لەكۆی 47 پڕۆژەی وەبەرهێنان، 39 پڕۆژە ڕەزامەندیان لەسەردرا و زەویان بۆ تەرخان كرا.

بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر كۆبوونەوەی " لیژنەی گەشەپێدان و پشتگیری پڕۆژە پیشەسازییەكان " لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ پەرەپێدانی كەرتی پیشەسازی و بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی كار لە سنووری پارێزگای هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، ئەنجام درا.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆ لەبارەی دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ ئەو گرفت و ئاستەنگانەی دێنە بەردەم پڕۆژە پیشەسازییە گەورە، مامناوەند، قورسەكان، بە جۆرێك كە لەگەڵ یاسا و ڕێنوێنییە بەركارەكاندا بگونجێن كرا.

وەك لە راگەیەنراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە، لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، دوای هەڵسەنگاندنی وردی كار و بەرهەم و ئامانجی ئەو پڕۆژانەی داوای زەوییان كردبوو، بڕیاری پێویست درا و لە كۆی 47 پڕۆژەی پێشكەشكراوی وەبەرهێنان، ڕەزامەندی لەسەر 39 پڕۆژە درا و زەویان بۆ تەرخانكرا و هەشت پڕۆژەی تریش بەمەبەستی بەدواداچوونی زیاتر دوا خران.



وشە - وشه‌