یەدەگی نەوتی عێراق بەرێژەیەکی پێوانەیی دابەزیوە

:: PM:02:24:01/05/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی یەکی ئایاری 2026، ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) ئاشکرای کرد کە یەدەگی نەوتی سەلمێنراوی چەند وڵاتێک پاشەکشەی کردووە. لەم ناوەشدا عێراق لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەدایە کە لە ساڵی 2025دا زۆرترین دابەزینی لە یەدەگی نەوتەکەیدا تۆمار کردووە.

زیاد هاشمی شارەزای ئابووری، بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی 2026ـی ئۆپێک لە پۆستێکی فەیسبووکدا ڕای گەیاند، عێراق پێشەنگایەتیی دابەزینی یەدەگی نەوتی جیهانی دەکات، بە جۆرێک هەشت وڵات پاشەکشەیان لە یەدەگی نەوتەکەیاندا تۆمار کردووە، ئەمەش کاریگەریی ئەو زیادبوونەی کەم کردووەتەوە کە هەشت وڵاتەکەی تر لە کۆی یەدەگی نەوتی جیهانیدا لە ساڵی 2025دا بەدەستیان هێناوە.

هاشمی ئاماژەی بەوەش دا، عێراق لە سەرووی لیستەکەدایە، بە جۆرێک یەدەگەکەی بە بڕی 5.019 ملیار بەرمیل ساڵانە پاشەکشەی کردووە، بەمەش کۆی یەدەگەکەی تا کۆتایی ساڵی ڕابردوو گەیشتووەتە 140 ملیار بەرمیل.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئەوەشی خستە ڕوو، دوای عێراق، ئەمەریکا دێت کە ڕێژەی دابەزینی ساڵانەی یەدەگەکەی 1.141 ملیار بەرمیل بووە، بەمەش یەدەگە سەلمێنراوەکەی لە 41.9 ملیار بەرمیل جێگیر بووە. هەروەها یەدەگی نەوتی نەرویج لە ساڵی ڕابردوودا بە بڕی 993 ملیۆن بەرمیل کەمیکردووە و گەیشتووەتە 5.91 ملیار بەرمیل.

جێی باسە یەدەگی نەوتی سەلمێنراو یەکێکە لە گرنگترین پێوەرە ستراتیجییەکان کە ڕێکخراوی ئۆپێک و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ هەڵسەنگاندنی پێگەی وڵاتان لە بازاڕی وزەی جیهانیدا پشتی پێ دەبەستن، چونکە قەبارەی ئەو سەرچاوانە دەردەخات کە دەکرێت لە ڕووی ئابوورییەوە دەربهێنرێن بەپێی تەکنەلۆجیا و نرخەکانی ئێستە.


وشە - پۆڵا مەحموود