حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ ڕێکخستنەوەی بازاڕی کار و دابینکردنی مافە داراییەکان بۆ کرێکاران و کارخوازان، زنجیرەیەک هەنگاوی ستراتیجیی بۆ پاراستنی مافەکان و فراوانکردنی چەتری دەستەبەری کۆمەڵایەتی گرتووەتە بەر، کە تێیدا دووپات لە بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی هێزی کار و چەسپاندنی یاساکانی کار دەکرێتەوە.
ڕەخساندنی دەرفەتی کار و پەرەپێدانی تواناکان:
لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی 160 هەزار هەلی کار لە بوارە جیاوازەکاندا بڕەخسێنێت. بۆ دڵنیابوونەوە لە سوودمەندبوونی گەنجان، بڕیاری پێویست دراوە کە دەبێت 75%ی دەستی کار لە پڕۆژەکاندا لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بن. هەروەها لە ڕێی پۆرتاڵی کار و خولی ڕاهێنانە پیشەییەکانەوە، 83 خول ئەنجام دراون کە هەزار و 590 کەس تێیاندا سوودمەند بوون، بۆ ئەوەی بە توانایەکی بەرزترەوە بچنە ناو بازاڕی کارەوە.
دەستەبەری کۆمەڵایەتی و پاراستنی یاسایی:
یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکان، گەیاندنی ژمارەی ئەو کرێکارانەی دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە بۆ 303 هەزار کرێکار بووە، کە 225 هەزاریان تەنیا لەم پێنج ساڵەی دواییدا بووە.
حکوومەت بۆ ئاسانکاری و وەرگرتنی سکاڵاکان، هێڵی گەرمی (5500)ـی تەرخان کردووە تا کرێکاران بتوانن لە کاتی هەر پێشێلکارییەک پێوەندی بکەن.
هەروەها کەمترین کرێی مانگانە بۆ 450 هەزار دینار بەرز کراوەتەوە، بۆ ئەوەی دادپەروەری لە داهاتدا پێڕەو بکرێت.
حکوومەت تەنیا لە ساڵانی 2024 و 2025دا، بڕی زیاتر لە 70 ملیار دیناری وەک پاداشتی کۆتاییی خزمەت بۆ 17 هەزار و 625 کرێکار خەرج کردووە.
پاڵپشتیی دارایی و پڕۆژەی گەشاندنەوە:
لەپاڵ ئەمانەشدا، پڕۆژەی (گەشاندنەوە) وەک دەستپێشخەرییەکی نوێ بۆ پاڵپشتیی گەنجان کار دەکات؛ لە قۆناغی یەکەمدا 2.5 ملیۆن دۆلار وەک قەرز دراوە بە 25 پڕۆژەی جیاواز، کە هەر پڕۆژەیەک 15 ملیۆن دیناری پێ دراوە و بەو هۆیەشەوە 150 هەلی کاری نوێ بۆ گەنجان دابین کراوە.