ئاژانسی رۆیتەرز بەدواداچوونی بۆ سەكۆی "نۆبتێكس" كردووە كە مامەڵە بە دراوی ئەلیكترۆنی دەكات، رۆیتەرز دەڵێ، "ئەو سەكۆیە لە بەرژوەندی سوپای پاسداران كار دەكات و مامەڵە بە سەتان ملیۆن دۆلار دەكات، لەلایەن بنەماڵەی خەرازی دامەزراوە و نزیكە لە موجتەبا خامنەیی رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران.
ئەمڕۆ هەینی یەكی ئایار ئاژانسی
رۆیتەرز بەدواداچوونێكی كردووە و ئەنجامەكەی لە راپۆرتێكی درێژ بڵاوكردووەتەوە. سەكۆی نۆبتێكس لە ساڵی 2018 دامەزراوە، مامەڵەی دراوی ئەلیكترۆنی لەسەر ئەو سەكۆیە دەكرێت. 11 ملیۆن كەس لە ئێرانییەكان كە دەكاتە 10% دانیشتووانی ئێران بەكاری دەهێنن.
بەگوێرەی زانیارەكانی رۆیتەرز ئەو سەكۆیە كاری حەواڵەكردنی پارە بۆ ئێران دەكات، بە تایبەتی بۆ سوپای پاسداران و دامەزراوە گرنگەكانی دەوڵەت كار دەكات و بەشێوەیەك پێویستیان بەوە نییە لە رێگەی بانكە ئاساییەكانەوە پارەی رەوانەی دەرەوە بكەن.
سەكۆیەكە لەلایەن دووبراوە دامەزراوە، گەورەكەیان ناوی عەلییە لە ساڵی 1986 لەدایكبووە، ئەویتریان ناوی محەمەدە لە 1992 لەدایكبووە. ئەو دووبرایە سەر بە بنەماڵەی "خەرازی"ین كە هەمیشە پێگەیان لە كۆماری ئیسلامی هەبووە، مامیان كەمال خەرزاییە كە ماوەیەك وەزیری دەرەوەی ئێران بوو، باپیرەیان پیاوێكی بووە نازناوی "ئایەتوڵا"ی هەبووە و وانەی بە موجتەبا خامنەیی گوتووە. ماوەیەكیش ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزیان بووە.
بابی دووبراكە ناوی باقر خەرازی بووە، لە هەشتاكان لە ئێران حزبێكی داناوە بە ناوی "حزبوڵا" تەنانەت لە 2013 خۆی بۆ سەرۆكایەتی ئێران كاندید كردووە.