بەهۆی بڕیارێكی ئەمەریكا بۆ ناردنی دۆلاری زیاتر بۆ عێراق، پێشبینی دەكرێت لە هەفتەی داهاتوودا نرخی دۆلار بە تەواوەتی هەرزان بێت و بگاتە خوار 150 هەزار دینار.
ئەمڕۆ شەموو دووی ئایار، عەبدولڕەحمان حاجی كەمال خاوەنی نووسینگەی دراوگۆڕینەوە، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەمەریكا بڕیاری داوە دۆلار زیاتر رەوانەی عێراق بكات.
زیاتر گوتی، ئەو بڕیارە وا دەكات بەهای 100 دۆلار دابەزێت بۆ خوار 150 هەزار دینار، لە ئەمڕوۆە كاریگەریی لەسەر بازاڕ كردووە.
نەبیل مەرسوومی شارەزای ئابووری عێراق رای گەیاند، لە چوارچێوەی پاڵپشتییەكانی ئەمەریكا بۆ حكوومەتی داهاتوو، دوێنێ بارێكی دۆلاری ئەمەریكی گەیشتە بەغدا.
دەشڵێت، عێراق مانگانە نزیكەی یەك ملیار دۆلار وەردەگرێت كە بە دوو قیستی كاش دابەش دەكرێت، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت هاتنی ئەم پارەیە ببێتە هۆی باشتربوونی نرخی دینار لە بازاڕەكاندا.
پێشتر بەهۆی نیگەرانییەكانی ئەمەریكا لە میلیشیاكان، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا رێگریی لە گواستنەوەی نزیكەی 500 ملیۆن دۆلار بۆ عێراق كردووە، لە داهاتی فرۆشتنی نەوتی عێراق لە حیسابەكانی بانكی فیدراڵی نیویۆرك.