عەلی زەیدی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی عێراق، سەركەتوو بوو لە ڕازیكردنی واشنتن بەوەی پارەی نەوتی عێراق بە دۆلار ڕەوانە بكاتەوە، ئەمەیش دوای ئەوەی عەلی زەیدی بە فەرمی ئەو داوایەی لە ئەمەریكییەكان كردووە، واشنتنیش پێشوەختە متمانەی خۆیان بە زەیدی داوە و دۆلار بۆ بەغدا ڕەوانە دەكەن.
پەیمانگەی ڕهوابت بۆ توێژینەوەی ستراتیجی كە پەیمانگەیەكی ئوردنییە بڵاوی كردووەتەوە، ئەمە بەڵگەیەكی سیاسی و ئابووری و پەیامێكی متمانەبەخشینی پێشوەختەی روونی ئەمەریكایە بە زەیدی و ئەو حكوومەتەیە كە خەریكە پێكیدەهێنێت.
ئاماژەی داوە، دەستكردنەوە بە ڕەوانەكردنی پارەی نەوتی عێراق بە
دۆلار بۆ بەغدا كە داهاتی نەوتی عێراق لە ئەمەریكا هەڵدەگیرێت، بە یەكەم تاقیكردنەوەی ئابووری سەركەوتنی حكوومەتی نوێ دادەنرێت، دەرخەری تواناكانی ئەو حكوومەتەیە لە كردنەوەی كەناڵی لێكگەیشتنی پێشوەختە لەگەڵ واشنتن، لە پێوەست بە دۆسیەیەكی هەستیار كە پێوەندیی بە جێگیری دراو لە بازاڕی عێراق هەیە.
وەڵامدانەوەی خێرای ئەمەریكا بۆ داواكەی زەیدی، نیشانەی بوونی هاوئاهەنگی و پێوەندی پتەوی دارایی هەردوو وڵاتە، سەرەڕای ئەو گرژییانەی كە لە ناوچەكە بوونی هەیە، گەیشتنی یەكەم كاروانی دۆلار تەنیا ڕێوشوێنێكی بانكی نییە، بگرە پەیامی متمانەبەخشینی پێشوەختەی ئەمەریكا بە حكوومەتی زەیدی و دڵنیاییدانە بە بازاڕ و خەڵكی عێراق.
دوو هەفتە بەر لە ئێستە بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا، ڕەوانەكردنەوەی دۆلاری داهاتی نەوتی عێراق بۆ بەغدا وەستێنرا، بەهۆی نەوەستانەوەی حكوومەتی عێراق دژی گرووپە میلیشیاكانی ئێران لە عێراق و نەگرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست دژی گرووپەكان و وەستانەوە بە رووی بەرژەوەندییەكانی ئێران لە وڵاتدا.
ئەمە كاردانەوەی خێرایی لەسەر بازاڕی دراوەكان دروست كرد و ڕاستەوخۆ نرخی دۆلاری بەرانبەر بە دیناری عێراقی بەرز كردەوە، ئەگەر تا ماوەیەكی درێژ واشنتن دۆلاری ڕەوانەی عێراق نەكردایە، ئەوا چاوەڕوان دەكرا كاریگەریی نەرێنی گەورە لەسەر ئابووری عێراق دروست بكات.