شارەزایان وریایی لە كاریگەریی نەكردنەوەی گەرووی هورمز لەسەر عێراق دەدەن

:: PM:09:37:03/05/2026 ‌

هاوكات لەگەڵ هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، وەزارەتی نەوت خەریكی هەوڵەكانە بۆ دۆزینەوەی دەروازەی تری هەناردەكردنی نەوت جگە لە بەندەرەكانی باشوور كە 80%ی نەوتی عێراق لەو رێگەیەوە دێتە هەناردەكردن، شارەزایان وریایی لە ئەگەری نەكردنەوەی گەرووەكە بەمنزیكانە دەدەن.

حەیدەر عەبدوڵا شارەزای ئابووری دەڵێت، 80%ی هەناردەكردنی نەوتی عێراق بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبێت، ئەوەش واتە هەر كێشەیەك لەو گەرووە راستەوخۆ هەڕەشە لە ئابووریی عێراق دەكات، قەرزی دەرەكیی عێراق گەیشتووەتە 54 ملیار دۆلار و قەرزی ناوخۆییش 66 ملیار دۆلارە، جیا لە 25 ملیار دۆلار شایستەی دارایی بەڵێندەرانە.

زیاتر گوتی، جیا لەوە عێراق پابەندییەكی گەورەی دارایی لەسەرە، لە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشین و تۆڕی چاودێریی كۆمەڵایەتی، كە حەوت بۆ هەشت ملیار دۆلاری مانگانەیە، كە بۆ هەموو ئەوانە پشت بە داهاتی فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، پارەی فرۆشتنی نەوتەكەشی لەدەست خۆی نییە و بە دەستی بانكی فیدراڵی ئەمەریكایە.

ئەو شارەزایە دەڵێت، یەدەگی عێراق پاشەكشەی كردووە، هەموو ئەوانەش دۆخەك زۆر ئاڵۆز دەكەن، بۆ هەیە كێشەیەك لە هاتنی دۆلار یان لە هەناردنی نەوت، تەنگژەیەكی قووڵی دارایی دروست دەكەن، ئەگەری هەیە ئەگەر دۆخەكە چارەسەر نەبێت، عێراق رووبەڕووی تەنگژەیەكی قووڵتری ئابووری ببێتەوە و رەنگە لە چەند مانگی داهاتوو تووشی رووخانی ئابووری بێت، بەتایبەتی لە مانگی تەمووزی داهاتوو.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل