قەیرانی هێلكە لە عێراق فراوانتر دەبێت

:: AM:10:30:04/05/2026 ‌
وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق بڵاوی كردەوە، هیچ قەیرانێك لە بەرهەمهێنانی هێلكەی خواردندا نییە، هاوكات بەرهەمی ناوخۆیی بە گشتی بەشی پێداویستییەكانی بازاڕ دەكات و پڕۆژەكانی پەلەوەریش لە هەموو وڵاتدا، بەشێوەیەكی جێگیر و بێ پچڕان كارەكانیان بەردەوامە.

ئەمڕۆ دووشەم چواری ئایار، زانا عەبدولكەریم ئەندامی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان، بە "وشە"ـی راگەیاند، هەرێمی كوردستان لە هێلكە هیچ كێشەیەكی نییە، چونكە ئاستی خۆبژێویی تێپەڕاندووە.

زیاتر گوتی، دابینكردنی كارەبا بە نرخی پاڵپشتیكراو لە ساڵی رابردوودا، وایكرد خاوەن كێڵگەكان زیاتر پەرە بە بەرهەمەكانیان بدەن.

دوێنێش بەپێی بڕیارێك كە "وشە" بەتایبەت وێنەیەكی دەست كەوتووە و تێیدا هاتووە، بڕیار درا بە رێژەی 50%ـی هێلكەی هەرێمی كوردستان هەناردەی دەرەوە بكرێت، هەروەها هەر پڕۆژەیەك لە كاتی گواستنەوەدا پێویستە تەنیا بەرهەمی ناوخۆ هەبێ و لە كاتی بوونی بەرهەمی تر، دەستی بەسەردا دەگیرێت .

وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقیش رای گەیاند، بەرزبوونەوەی نرخەكان پێوەندییان بە كەمیی بەرهەمەوە نییە، بەڵكو هۆكارەكەی یاریپێكردنی بازاڕە لەلایەن هەندێك بازرگانەوە.

هاوكات وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق داوا لە هاووڵاتییان دەكات، بڕوا بە دەنگۆكان نەكەن و پەنا نەبەنە بەر كۆگەكردنی هێلكە، چونكە هیچ كورتهێنانێك لەم مادە خۆراكییەدا نییە.


وشە - رامیار جەواد