بەهای 100 دۆلار گەیشتە 19 ملیۆن تمەنی ئێرانی

:: PM:01:36:04/05/2026 ‌
نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەهای تمەنی ئێرانی بەرانبەر دۆلاری ئەمەریكی، نزمترین ئاستی مێژوویی تۆمار كرد و لە ماوەی تەنیا یەك هەفتەدا 15%ـی بەهاكەی لە دەست داوە.

ئەمڕۆ دووشەم چواری ئایار، عەبدولڕەحمان حاجی كەمال خاوەنی نووسینگەی دراوگۆڕینەوە، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئێستە لە تاران بەهای 100 دۆلار گەیشتە 19 ملیۆن تمەن، لە هەندێك مامەڵەدا بە 19 ملیۆن و 100 هەزار تمەن ئاڵوگۆڕی پێوە كراوە. 

زیاتر گوتی، لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا 100 دۆلار بە حەواڵە، بە 18 ملیۆن و 500 هەزار تمەن و بە كاش بە 15 ملیۆن تمەن مامەڵەی پێوە دەكرێت.

باسی لەوەش كرد، گوشارە ئابوورییەكان دەتوانن بە ئێران بگەیەنن كە ئەم دۆخە، تاران ناچار دەكات بەرەو دانوستان هەنگاو بنێت یان ئەگەری شەڕ كە هەردووكیان بە زیانی دراوەكەیە.

روونی كردەوە، لێكدانەوە ئابوورییەكان وایە كە ئاستی هەناردەی نەوتی ئێران كەمی كردووە، كۆگەكانی نەوتی ئەو وڵاتە لە پڕبوون نزیك بوونەتەوە.


وشە - رامیار جەواد