ساڵی رابردوو لەبەر هۆكاری رانەگەیەندراو حكوومەتی عێراق یاسای بودجەی نەبوو، بەهۆی هەڵبژاردن و پێكنەهێنانی حكوومەتی نوێش تا ئێستە یاسای بودجە نییە، تەنیا مووچە و چەند پاڵپشتییەكی حكوومەتی بۆ خۆراك و دەرمان نەبێت، ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، حكوومەت دەتوانێت تا مانگی تەمووز بودجە رەوانە بكات.
جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، تا مانگی تەمووزی داهاتوو بوار لەبەردەم حكوومەتی عێراق هەیە پڕۆژەیاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان بكات، تا كاتی پەسندكردنی پڕۆژەكەش لە خەرجكردنی مووچە و مووچەی مووچەخۆران هەرێمی كوردستان بەو میكانیزمەی ئێستە بەردەوام دەبێت.
ئاماژەی كرد، حكوومەت دەتوانێت بێ دروستبوونی هیچ كێشەیەكی یاسایی تا مانگی حوزەیران و تەمووزی داهاتوو پڕۆژەیاسای بودجەی بۆ پەرلەمان رەوانە بكات، ئەگەرچی دەبوایە بەپێی یاسای ئیدارەدانی دارایی پڕۆژەكەی لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو رەوانە بكردایە، وەك كۆچەر ئاماژەی كرد، حكوومەت دەتوانێت پڕۆژەیەكی هاوشێوەی پڕۆژەی "یاسای ئاسایشی خۆراك" رەوانەی پەرلەمان بكات، ئەوەش بە مەبەستی دابینكردنی سیولەی دارایی بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكان.
سەبارەت بە شایستە داراییەكان هەرێمی كوردستان كۆچەر گوتی، پرۆسەی رەوانەكردنی مووچەی مووچەخۆرامی هەرێمی كوردستان ناوەستێت و بە هەمان میكانیزمی ئێستە تا پەسندكردنی یاسای بودجە بەردەوام دەبێت.