لە ئێران گرانییەكی گەورە سەری هەڵداوە و خەڵك بەتەواوی لە ئاستیدا جۆش داماون، نرخی بەشێك لە مادە خۆراكییەكان زیاتر لە 200% بەرز بوونەتەوە.
ئاژانسی "بلومبێرگ" ئاشكرای كردووە كە ڕێژەی ڕاستەقینەی هەڵاوسان لەو وڵاتە گەیشتووەتە 69%. هاوكات سندووقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) ئاماژەی بەوە كردووە كە هەڵاوسانی خۆراك لە شوباتی ئەمساڵدا 105% بووە، بەڵام دوای جەنگ بۆ ئاستی نێوان 140% تا 200% بەرز بووەتەوە، ئەمەش هەڵاوسانی گشتی لە ئێران گەیاندووەتە 73%.
خەڵكی ئێران بەهۆی شەڕەوە كارەكانیان لە دەست داوە و بەشێكیشیان كە مووچەخۆرن، مووچەكانیان تەنیا بەشی پێنج رۆژ دەكات، وڵاتەكەش بەتەواوی هەرەسی هێناوە و هیچ كارێكی ئەوتۆ نییە هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە بیكەن.
بەڵام بەپێچەوانەی شارەكانەوە گوندەكان دۆخیان باشترە، بەتایبەت ئەو گوندانەی ئاژەڵدارن یان بەكشتوكاڵەوە سەرقاڵن، ئەوان دەتوانن بەو كارانە ژیانی رۆژانەیان تێپەڕێنن.
بەهای تمەنی ئێرانی لە دوای شەڕەوە بەتەواوی هەرەسی هێناوە، 15%ـی تر دابەزیوە. ئەم دابەزینە كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر نرخی پێداویستییە سەرەكییەكان هەبووە.
بەپێی هەواڵی میدیا ناوخۆییەكانی ئێران، بەگشتی زۆرینەی پێداویستییەكانی رۆژانەی خەڵك بەجۆرێك بەرز بوونەتەوە، توانای كڕینیان نەماوە.