بڕیارە لە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراقدا 150 هەزار كەس بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی دابمەزرێن، لەو ژمارەیە حەوت هەزاری بۆ كەركووكە و بەشی هەرێمی كوردستانیشی تێدا نییە.
لە كابینەی نوێ و لەگەڵ یاسای بودجەی گشتیی عێراق، بڕیار وایە 150 هەزار كەس دابمەزرێن، لەو ژمارەیە حەوت هەزار و 304 كەسیان بۆ پارێزگای كەركووكە.
بەپێی ئەو لیستانەی پێشتر لە پارێزگاكە ئامادە كرابوون، بەشی زۆریان عەرەب بوون و دواتر توركمان و ئەوجا كورد، بەڵام بەپێی كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی پارێزگاكە، لیستەكان دێنە گۆڕین و بەپێی پشكی پێكهاتەكان دیاری دەكرێن.
كورد بەو پێیەی دەسەڵاتی لە كەركووك نەماوە و گومان دەكرێت لەو حەوت هەزارە، زۆرترینی بۆ عەرەب و توركمان بێت، ئەگەرچی ئەندامانی كوردی ئەنجوومەنی پارێزگاكە ڕژدن كە دەبێت رێژەی كورد بەپێی ژمارەی كورسییەكانی بێت.
بەپێی بڕیارەكانی پێشوو بۆ دامەزراندنی ئەو ژمارەیە، لە كەركووك كورد بێبەش دەكرا لە دامەزراندن، چونكە پشت بە كارتی نیشتەجێبوون دەبەسترا، بەڵام كورد دەیەوێت ئەوە نەیەڵێت و لەمەودوا دامەزراندن بە كارتی نیشتەجێبوون و كۆبۆنی خۆراك بێت.
لەو 150 هەزار كەسەی لە بودجەی گشتی دانراوە، بەشی هەرێمی كوردستانی تێدا نییە و هێزە سیاسییەكانی كوردستانیش بەهۆی وەرگرتنی پشك لە كابینەی نوێ، باسی هیچ یەك لەو كێشانە ناكەن.