تانكەرێك كە نەوتی عێراقی هەڵگرتبوو، لە ناو خاكی سووریا بە هۆی رووداوێكی هاتوچۆ تەقییەوە، لە ئەنجامدا كەسێك گیانی لە دەست دا و سێ كەسی تریش بریندار بوون.
ئەمڕۆ شەموو نۆی ئایار، موشیر رەماح لە دەستەی گشتیی دەروازە سنوورییەكانی عێراق، لە لێدوانێكیدا بۆ شەفەق نیوز ئاشكرای كردووە، تانكەرێك كە نەوتی عێراق بار كردووە، لە دەروازەی یەعروبیە بەرەو بەندەری بانیاسی سووریا رۆیشتووە، لە رێگەی نێودەوڵەتیی ئێم فۆر "M4" لە كاروانی تانكەرەكانی تر دەرچووە و بەر ئۆتۆمبیلێكی تر كەوتووە، لە ئەنجامدا شۆفێرەكە مردووە و سێ كەسی تریش بریندارن كە سەرجەم قوربانییەكان شۆفێرن.
ئەو بەرپرسە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەستی پێ كردووە.
بەهۆی ئەوەی عێراق ناتوانێ لە هورمز نەوت هەناردە بكات، هەناردەی نەوتی دابەزیوە، جیا لە بەكارهێنانی بۆڕییەكانی هەرێمی كوردستان، عێراق چەند هەفتەیەكە نەوت لە رێگەی تانكەرەوە بە خاكی سووریا هەناردەی بەندەری بانیاس دەكات. هەرچەندە شارەزایان هۆشدارییان دابوو كە ئەم شێوازی هەناردەكردنە تێچووی زۆرە و بۆ عێراق مەترسیدارە.