لەبارەی داهاتی ناوخۆ و مووچەكانی مانگی چوار و پێنج زانیاریی نوێ هەیە

:: AM:08:27:10/05/2026 ‌
ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی كوردستان، داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا دەنێرێت و ئەم هەفتەیە مووچەی مانگی چوار دابەش دەكرێت، سیستمی پەیرۆڵی كارا كردووە، ئامادەكاری بۆ لیستی مانگی پێنج دەكات .

بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەم 10ی ئایار، وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بڕی 52 ملیار دینار وەك داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا بنێرێت، هاوكات بەغداش تەواوی پارەی مووچەی مانگی چوار بخاتە سەر ژمارە حیسابی وەزارەتی دارایی هەرێم.

بڕیارە لەم هەفتەیە مووچەی مانگی چوار دابەش بكرێت، "وشە" زانیویەتی لە دوو رۆژی داهاتوودا مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەگات، بڕیارە لە رۆژانی چوارشەم و پێنجشەم دەست بەدابەشكردنی بكرێت.
 
وەزارەتی دارایی سیستمی پەیرۆڵی كارا كردووە و سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكانی ئاگادار كردووەتەوە، پەلە بكەن لە ئامادەكردنی خشتەی مووچەی مانگی پێنج لە سیستمەكە، بۆ ئەوەی لە وادەی دیاریكراوی خۆی ئامادە بێت و ڕەوانەی بەغدا بكرێت. 

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، هەنگاوەكانی خێرا كردووە بۆ ئەوەی پێش جەژن هەموو ڕێكارەكان تەواو بكات و مووچەی مانگی پێنجیش خەرج بكرێت.

بەپێی زانیارییەكان، "دەبێت تا ڕۆژی سێشەم لیستی مووچەی مانگی پێنج ئامادە بێت و وردبینیش كرابێت، ڕۆژی چوارشەم لە ڕێگەی تیمی تەكنیكی وەزارەتی دارایی ڕەوانەی بەغدا دەكرێت."




وشە - سۆران عەزیز