بەپێی داتاكانی فەرمانگەی وزەی ئەمەریكا، دابەزینێكی بەرچاو لە هاوردەی نەوتی خاوی عێراق بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا تۆمار كراوە، لە بەرانبەردا بەرزبوونەوەیەكی خێرای نەوتی لە ڤەنزوێلا بۆ ئەمەریكا هەبووە.
داتاكانی فەرمانگەی زانیارییەكانی وزەی ئەمەریكا، ئەمڕۆ یەكشەم 10ی ئایار دەریدەخەن، كۆی گشتیی هاوردەی ئەمەریكا لە نۆ وڵاتی سەرەكییەوە گەیشتووەتە نزیكەی ٥.٠٦٦ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا، بەمەش دابەزینی بە بڕی ١٧٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا بەراورد بە هەفتەی پێشتر تۆمار كردووە.
ئامارەكان ئەوەیان ڕوون كردووەتەوە كە هەناردەی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەكانی ئەمەریكا 76 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا پاشەكشەی كردووە، لە كاتێكدا لە هەفتەی پێشوودا ئەو بڕە ١٩٥ هەزار بەرمیل بووە، بەمەش عێراق لە پلەی هەشتەمی لیستی وڵاتە هەناردەكارەكاندایە.
كەنەدا لە پێشەنگی لیستەكەدا هاتووە بە بڕی ٣.٢٦٨ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا، بەدوای ئەویشدا ڤەنزوێلا دێت كە هەناردەكردنی خۆی بۆ ٤٠٠ هەزار بەرمیل بەرز كردووەتەوە، پاشان كۆڵۆمبیا بە ٣٤٨ هەزار، سعوودیە بە ٣٣٢ هەزار و مەكسیك بە ٣٢٧ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا.
هەروەها لیستەكە پێكهاتووە لە ئیكوادۆر بە ١٦٥ هەزار، نێجیریا بە ٩٣ هەزار و بەرازیل بە ٢٧ هەزار بەرمیل.