بەڕێوەبەری گشتیی یەكێتیی فڕۆكەخانەكانی ئەڵمانیا ئاشكرای كرد، كەمیی سووتەمەنی فڕۆكە "كیرۆسین" دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ژمارەیەكی یەكجار زۆر لە گەشتە ئاسمانییەكان و هەڕەشەی هەڵوەشانەوەی گەشتی 20 ملیۆن گەشتیار دەكات.
رالف بایزل بەڕێوەبەری گشتیی یەكێتیی فڕۆكەخانەكانی
ئەڵمانیا ڕای گەیاند، بەشێك لە فڕۆكەخانەكان دابەزینی بەرچاویان لە توانای بەكارخستنی فڕۆكەكان بۆ دروست بووە و بە ڕێژەی 10% كەمی كردووە، ئەمەیش بەو مانایە دێ، ژمارەیەكی زۆر لە گەشتەكان هەڵدەوەشێنرێنەوە و ئەگەری وەستانی هاتوچۆی فڕۆكەوانی بۆ بەشێك لە فڕۆكەخانەكانی دنیا بە تەواوی لە ئارادایە، ئەمەیش هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی گەشتی 20 ملیۆن گەشتیار دەكات.
زیاتر گوتی، ئەو كۆمپانیا فڕۆكەوانییانەی تكتی فڕۆكەیان هەرزانە، زۆرترین كاریگەرییان لەسەر دروست دەبێ و ناچار دەبن پەنا بۆ كەمكردنەوەی گەشتەكانیان بۆ كۆمەڵێك ئاراستەی جیاجیا ببەن، ئەو گەشتانەیشی كە دەمێننەوە كەمترین داهات و زۆرترین تێچوویان دەبێت.
پێشتر فاتح بیرۆك بەڕێوەبەری جێبەجێكاری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە ئاشكرای كرد، ئەوروپا ڕووبەڕووی كەمیی سووتەمەنی فڕۆكە لە ماوەی شەش هەفتەی داهاتوو دەبێتەوە و كەرتی فڕۆكەوانی لەو كیشوەرە، تەنگژەیەكی قووڵ بەخۆیەوە دەبینێت.