ئەمەریكا 53 ملیۆن بەرمیل نەوتی خستە بازاڕەوە

:: AM:09:40:12/05/2026 ‌
وەزارەتی وزەی ئەمەریكا ئاشكرای كرد، 53.3 ملیۆن بەرمیل نەوتی ئەمباركراو لە كۆگەكانی ئەمباركردنی ستراتیجی ئەمەریكا دراونەتە كۆمپانیاكانی وزە، لە چوارچێوەی هەوڵی وڵاتانی دنیا بۆ جێگیركردنی نرخی نەوت، كە لە ئەنجامی داخستنی گەرووی هورمز بەردەوام ڕوو لە بەرزبوونەوەدایە.

خستنەبازاڕی ئەو 53.3 ملیۆن بەرمیل نەوتە، بەشێكە لە پابەندبوونێكی ئەمەریكا بەوەی كە 172 ملیۆن بەرمیل نەوتی تر دەخاتە بازاڕی دنیاوە، ئەو بەڵێنە لە ئادار/مارسی ڕابردوو وەك دەسپێشخەرییەك بە ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی ڕاگەیەنرا، 30 وڵات بەشدار دەبن لەو دەسپێشخەرییە و بە كۆی گشتی بڕی 400 ملیۆن بەرمیل نەوتی ئەمباركراو، دەخەنە بازاڕەكانی وزە لە دنیا.

ئەمباری ستراتیجی نەوتی ئەمەریكا بە یەكێك لە زەبەلاحترین ئەمبارەكانی نەوتی خام لە دنیا هەژمار دەكرێت، لە 1975ەوە ئەو هەنگاوە لەلایەن واشنتنەوە گیرایەبەر و ئەمباری گەورە و زەبەلاح دروست كران، بۆ ئەوەی لە كاتی تەنگژەی نەوت، ئابووری ئەمەریكای پێ بپارێزرێت.

بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە ڕۆژانە كورتهێنان لە گەیشتنی وزە بۆ وڵاتانی دنیا دروست دەبێت، هۆكارەكەیشی بۆ نەگەیشتنی نزیكەی 14 ملیۆن بەرمیل نەوتی وڵاتانی كەنداو بۆ بازاڕەكانی دنیا دەگەڕێتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەكان، سەرجەم وڵاتانی دنیا لە ڕۆژێكدا پێویستیان بە 103 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو هەیە، تا تەواوی پێویستی بەرهەمە نەوتییەكان لەسەر گۆی زەوی دەستەبەر بكەن و هاتوچۆ و پیشەسازی و سێكتەرەكانی تر كێشەیان لێ دروست نەبێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د